بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە رێگای سلێمانی – دەربەندیخان داخرا
سلێمان محەمەد سەعید قائیمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمشەو لەسەر رێگای سلێمانی – دەربەندیخان نزیک گوندی بیرکێ رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان بارهەڵگرێک و تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی روویداوە و بەهۆیەوە تانکەرەکە ئاگریگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکەدا شۆفێری بارهەڵگر و تانکەرەکەش برینداربوون رەوانەی نەخۆشخانەکراون و تەندروستیان جێگیرە، ئاگری تانکەرەکەش کۆنتڕۆڵكراوە، بەڵام ئاگرەکە بۆ دەوروبەری شەقامەکە کە پووش و پاوەنە پەرەیسەندووە و ئەو شوێنانە ئاگریان گرتووە لە ئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەوەن.
وتیشی، لە ئێستادا رێگاکە بە رووی شۆفێراندا داخراوە تا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.