ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر نەکات و بەم جۆرەی هەبووە، لیستەکان بنێردرێت، کێشەی دواکەوتنی مووچە بەردەوامی دەبێت.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیکردەوە، بابەتەکان بە هەنگاوی کردەیی چارەسەردەبن، پێویستە شاندێکی حکومەتی هەرێم بەبەردەوامی لە بەغداد بێت و لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم پێویستە لیستێکی تەواو بێ کەموکورتی بنێرێتە بەغداد بۆ ئەوەی هیچ کێشەک بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستنەبێت، چونکە ئەوەی لە مەترسیدایە، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمە نەک هی بەشەکانی دیکەی عێراق.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، هەنگاوی دروست ئەوەیە، حکومەتی هەرێم خۆی لیژنە بنێرێتە بەغداد نەوەک چاوەڕێی ئەوان بکات داوای چوونیان بکەن، پێویستە هەموو ئەو کەموکوریانەی لە لیستەکەدا بوونی هەیە چارەسەر بکرێت.
بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها لەو ناوانەی کە وەک نمونە وەرگیراون لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، شەش هەزار ناو لە لیستی مووچەدا تەماشاکراوە دوو مووچەبوون، کە ئەوەش هۆکارێکە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچە.
دووپاتیشیکردەوە، هیچ کام لە هەنگاوەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێنەکراوە کە بە گوێرەی رێککەوتن دەبوایە جێبەجێبکرێن و هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.