بایدن داوای لێپرسینەوە لە ترەمپ دەكات

جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا

سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا داوا لە ئەنجومەنی پیران دەكات كارە پێشینەكانی ئیدارەكەی تێپەڕێنێت هاوكات لەگەڵ ڕێوشوێنەكانی دادگاییكردنی دۆناڵد ترەمپ.

جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە یەكەم لێدوانیدا دەربارەی بڕیاری تۆمەتباركردنی ترەمپ كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرچووە بۆ دادگایيكردنی لەبەردەم ئەنجومەنی پیران بۆ دووەم جار بە ئامانجی دوورخستنەوە وتی، ویلایەتە یەكگرتووەكان لەژێر بارگرانيی پەتای كۆڤید-19 و لێكەوتە ئابورییە خنكێنەرەكانیەتی، كە ئەمەش لەسەر ئەنجومەنی پیران پێویست دەكات بەخێرایی بڕیار لە دامەزراندنەكانی ئیدارەی نوێ بدات تا بتوانن ڕوبەڕووی ئالنگارییەكان ببنەوە پاش وەرگرتنی پۆستەكەی لە 20ی ئەم مانگە.

وتیشی، “هیوادارم سەركردایەتيی ئەنجومەنی پیران ڕێگایەك بدۆزێتەوە كە وایلێبكات مامەڵە لەگەڵ بەرپرسیارێتییە دەستورییەكانی بكات دەربارەی ئەنجامدانی دوورخستنەوە لەگەڵ كاروبارە بە پەلەكانی دیكەی ئەم نەتەوەیە” وەك ئاماژەیەك بۆ هەنگاوەكانی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی بەر لە كۆتایيهاتنی وادەی فەرمیی ویلایەتەكەی.

دادگاییكردنی ترەمپ لە ئەنجومەنی پیران دەبێتە بەربەست لەبەردەم كاری ئیدارەكەی بایدن و ڕێوشوێنە یاساییەكان كە دیموكراتییەكان دەیانەوێت لە دەستپێكی ویلایەتەكەی ئەنجامیبدەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پیران بەپێی دەستور لە كاتی دانیشتنی وەك دەستەیەكی دادگایی، ناتوانێت هیچ كارێكی دیكە بكات بەر لە كۆتایی هاتنی دادگاییەكە.

دۆناڵد ترەمپ دەبێتە یەكەم سەرۆك لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا كە دووجار بچێتە بەردەم ئەنجومەنی پیران بۆ دادگایییكردنی بە مەبەستی دوورخستنەوەی، پاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەران تۆمەتی “هاندان بۆ هەڵگەڕانەوە”ی خستەپاڵ بەهۆی ڕوداوەكانی كاپیتۆڵ لە 6ی ئەم مانگە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پاش نیوەڕۆی چوارشەممە بە دەنگی 232 بەرامبەر 197 دەنگ ترامپ-ی تۆمەتباركرد. لە نێو ئەوانەی دەنگیان لە دژی ترامپ دا 10 ئەندامیان کۆماری بوون و چوار ئەندامی دیکەی کۆمارییش دەنگیان نەدا.

بەر لە دەنگدانەکە بۆ چەند کاتژمێرێک مشتومڕی نێوان ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات زۆر توندبوون.

کیڤن مەکارثی، ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی، تۆمەتبارکردنی سەرۆک هەفتەیەک بەر لەوەی کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتیـیەکەی بێت هەڵەیە.

وتیشی، “هیچ لێکۆڵینەوە و دانیشتنێک نەکراوە، هەروەها ئەنجومەنی سینات وتویەتی پرۆسەی لێپێچینەوە لە ترامپ پێش دەستبەکاربوونی جۆ بایدن دەستپێناكات”.

لە پاش تەواوبوونی پـرۆسەی دەنگدانەکە، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری تۆمەتباركردنەكەی واژووکرد و ڕایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ وتی “هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نییە تەنانەت سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش”.

بابەتی پێشتر

"ملیۆنان عێراقی بە دەست نەبوونی خۆراكەوە دەناڵێنن".. هۆشداری دەدرێت

بابەتی دواتر

بەهای نەوت لە دابەزین بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share