ئەمریكا دووەم گەورە بەرپرسی حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆرەوە

ئەبو فەدەك محەمەداوی

ئەمریكا سزای نوێی بەسەر سێ كەس و 16 كیانی ئێرانیدا سەپاند، كە لەنێوانیاندا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی كانونی دووەم سەپاندنی سزای نوێی بەسەر سێ كەس و 16 كیانی ئێرانیدا سەپاند كە لەنێوانیاندا ئەبو فەدەك محەمەداوی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی هەیە.

حەشدی شەعبی، عەبدولعەزیز محەمەداوی ناسراو بە (ئەبو فەدەك)ی وەك سەرۆكی ئەركانی هێزەكانیان و جێگرەوەی (ئەبومەهدی موهەندیس) دەستنیشانكرد، پاش ئەوەی ئەبومەهدی لە 3ی كانونی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكادا لە بەغداد لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس كوژران.

پێشتریش فەیاز خرایە لیستەكەوە
هەینی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا ڕاگەیاند بەهۆی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، گروپەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، لە خۆپیشاندانەکانی 2019دا پێشێلکاری و دەستدرێژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە.

فالح فەیاز لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق-دا، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بوو، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی كابینەكە و دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق، كازمی چەند گۆڕانكارییەكی لە پۆستەكاندا كرد و ناوبراوی كرد بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

واشنتن هەنگاو بۆ دانانی حەشد لە لیستی تیرۆردا دەنێت
ئەحمەد شەریفی، شارەزای سەربازی و ستراتیجی لەلێدوانێكدا وتی، پرسی دانانی فالح فەیاز لە لیستی سزاكاندا، دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ حكومەتەكەی كازمی، كە یان دەبێت پابەندبێت بە ئیرادەی نێودەوڵەتی و فەیاز لە دەسەڵات دووربخاتەوە، یان بێدەنگ بێت لێی و ئەوكات ڕوبەڕووی ئیرادەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

باسیشی لەوەكرد، “ئیرادەی نێودەوڵەتی هەنگاو بەرەو دانانی حەشدی شەعبی لە لیستی تیرۆردا دەنێت، ئەوكات حكومەتی عێراق پابەنددەكات بە هەڵوەشاندنەوەی حەشد، بەمەش گۆڕانگاری لە ناوخۆی عێراق بەپێی ئیرادەی نێودەوڵەتی دەبێت”.

“دانانی فالح فەیاز لە لیستی سزاكاندا، دەبێتە مایەی شەرمەزاریی بۆ حكومەتەكەی كازمی”

لیستی تیرۆر چییە؟
“لیستی تیرۆری ئەمریكا” لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكاوە دەركرا و ئەو كەس و ڕێكخراو و پێكهاتانە لەخۆدەگرێت كە واشنتن پێیوایە هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشە نەتەوەییەكەی.

حكومەت و دەستە هەواڵگرییەكان لیستێك یان پەڕەیەكی تیرۆر بەپێی پێوەرە دیاریكراوەكانی ئەمریكا دادەنێن، هەندێك پێیانوایە پێوەرەكە تا ئاستێكی زۆر سیاسییە زیاتر لەوەی ئەو وڵات و ڕێكخراوانە هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا.

ئەو تاكانەی دەخرێنە نێو لیستی تیرۆری ئەمریكاوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و ڕێگرییان لێدەكرێت بچنە ناو خاكی ئەمریكاوە، هەروەك سەروەت و سامانەكانیان لەنێو خاكی ئەمریكا و ئەو ناوچانەی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتییەوە سڕدەكرێن. بەپێی لیستەكە ڕێگریش دەكرێت لەهەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی یان نیشتەجێی ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكات.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایان تەنها كاتی وانەكان لە خوێندنگەكان دەبن

بابەتی دواتر

ناپۆلی 3-2 ئیمپۆلی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

“سەركردەكەی حەشدی شەعبی ئازادكرا”

سەركردەكەی حەشدی شەعبی كە بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە كوشتنی ژمارەیەك لە چالاكوانان دەستبەسەركرابوو، ئازادكرا، وەك ئەوەی میدیایەكی عێراقی بڵاویكردوەتەوە.…
Total
0
Share