پێشبینی دەكرێت 2024 ببێتە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا

دوای ئەوەی لە تەمموزی رابردوو بەرزترین پلەی گەرمیی بێ پێشینە لە جیهاندا بۆ چواردەهەمین مانگی لەسەر یەک تۆماركرا، كارگێریی نیشتمانیی زەریاكان و بەرگەهەوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشبینی دەكات ساڵی 2024 گەرمترین بێت یان زۆر نزیك بێت لەوەوە، وەك ئەوەی تۆڕی “ئێن بی سی نیوز”ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

ناوەندەكە لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسیی مانگانەیدا دەربارەی ئاووهەوا رایگەیاند، ئەگەرێك هەیە بە رێژەی 77% كە ئەمساڵ ببێتە گەرمترین ساڵ و، بە رێژەی 100% لەنێوان پێنج ساڵی زۆر گەرمی درێژایی مێژوو دەبێت.

“ئێن بی سی نیوز” لە زاری كارین گلیسۆن، سەرۆكی بەشی تۆمار لە ناوەندی نیشتمانیی زانیارییەكانی ژینگە سەر بە كارگێریی نیشتمانیی زەریاكان و بەرگەهەوا رایگەیاند، نزیكەی پێنج ناوچەی وشكانیی جیهان پلەی گەرمیی پێوانەییان لە تەمموزی رابردوو تیا تۆماركراوە.

گلیسۆن وتیشی، “تائێستا هەسارەكە بەشێوەیەكی باوەڕپێنەكراو گەرمە” ئاماژەی بەوەشكرد، “پلەی گەرمیی جیهانی لە مانگی رابردوودا زۆر نزیك بوو لە ئاستی گەرمیی تەمموزی 2023”.

توێژەران ئەوانەی كە چاودێریی پلەی گەرمیی پێوانەیی دەكەن دووپاتیدەكەنەوە، سووتاندنی وزەی بەردین لە پشت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوەیە، بۆیە ئەم ئاراستەیە بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی مرۆڤ دەردانی گازەكانی قەتیسكەری گەرمی كۆنتڕۆڵ دەكات.

لەگەڵ ئەوەشدا، دیاردەی ئاووهەوای سروشتیی “ئالنینۆ” لەم ماوەیەی دواییدا، بەهەمان شێوە پلەكانی گەرمی بە بەرزی هێشتووەتەوە، بەپێی تۆڕە ئەمریكییەكە.

كاریگەریی دیاردەی “ئالنینۆ” لە پاشەكشەدایە و جیهان بەمنزیكانە دیاردەی “لا نینا” بەخۆیەوە دەبینێت. براد بۆگ، زانای بواری كەشناسی لە ناوەندی پێشبینییەكانی ئاووهەوا سەر بە كارگێڕیی نیشتمانیی زەریاكان و بەرگەهەوا دەڵێت، ئەگەرێك هەیە بە رێژەیەك كە لە 70% نزیكدەبێتەوە بەوەی دیاردەی “لا نینا” لە ئەیلول یان تشرینی یەكەم یاخود تشرینی دووەم دەست بە زیادبوون بكات.

“لا نینا” دیاردەیەكی ئاووهەوایە لە زەریای هێمن روودەدات، خۆی دەبینێتەوە لە دابەزینی پلەی گەرمیی رووی ئاو لە ناوچەی ناوەند و رۆژهەڵاتی زەریاكە، كە پێچەوانەی دیاردەی “ئالنینۆ”یە كە خۆی دەبینێتەوە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی رووی ئاو لە هەمان ناوچە.

دیاردەی “لا نینا” دەبێتەهۆی دابەزینی پلەی گەرمیی جیهان، بەڵام زریانی ئەتڵەسی لێدەكەوێتەوە، كە مایەی نیگەرانییە لە ماوەی وەرزی چالاكبوونی زریانەكانی هێڵی كەمەربەند، بەپێی تۆڕی “ئێن بی سی نیوز”.

بوگ ئەوەشی وت، دیاردەی “لا نینا” پەیوەندیداریشە بە زستانی تەڕ لە باكووری رۆژئاوای زەریای هێمن و دۆخی وشك لە باشووری رۆژئاوا، ئەمەش واتە دەشێت وشكبوونەوە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە.

بابەتی پێشتر

سیستمی خۆراكیی كیتۆ دەتوانێت بەرەنگاری شێرپەنجە ببێتەوە؟

بابەتی دواتر

هۆكاری دواكەوتنی چاككردنی دەروازەی رۆژهەڵاتی سلێمانی ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share