وەزارەتی كاروباری ئیسلامیی سعودییە ئامادەكارییەكانی بۆ پێشوازی لە سەردانكەران و بەشداربووانی مەراسیمی عەمرە تەواوكرد و بڕیارە سبەی یەكەم كاروانی عەمرەكاران ئەو مەراسیمە لەچوارچێوەی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەستپێبكەنەوە.
لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا لەزگەی تایبەت بە پاراستنی دووری نێوان نوێژخوێنان دانراوە، جگە لە پرژاندنی پاككەرەوەی تەندروستی بە فەرش و دەرگا و دیوار و ئەو شوێنانەی عەمرەكاران سەردانیدەكەن.
بەپێی ڕێوشوێنەكانی وەزارەتەكە پێویستە ئەو كەسانەی دەیانەوێت عەمرە بكەن ناوی خۆیان لە ئەپی “ئەعتەمرنا” تۆماربكەن و ڕەچاوی ئەو ڕێوشوێنانەش بكەن كە تیایدا دیاریكراوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی سعودییە زیاتر لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەی فەرشی سەرجەم مزگەوتەكان پاككراونەتەوە و وەزارەتەكە جگە لە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای تایبەت بە پاككردنەوە و چاككردنەوە، 769 فەرمانبەر و كارمەندی هونەری و چاودێری لە هەردوو شاری مەككە و مەدینە ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتی و پێشكەشكردنی ڕێنوێنی بە عەمرەكاران.
لە 27ی شوباتی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سعودییە ئەنجامدانی عەمرەی بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە ڕاگرت كە ڤایرۆسەكەیان تیادا بڵاوببوەوە و دواتریش كۆی مەراسیمەكەی ڕاگرت.
لە 21ی ئەیلولی ڕابردوو محەمەد ساڵح، وەزیری حەج و عەمرەی سعودیە ڕایگەیاند، “لە هەوڵی ئەوەداین ڕێگا بە بەجێگەیاندنی عەمرە بدەین بەشێوەیەكی پلەبەندی، بەڕەچاوكردنی خۆپارێزییە تەندروستییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت كۆمپانیاكان و دامەزراوەكان ڕێكارەكانی خۆیان بخەنەڕوو”.