قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێم کۆبووەوە

جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێم كۆبووەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی چۆنییەتی پەرەپێدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی لە بوارە جیاوازەکاندا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان و لەمیانەیدا سوپاسی حکومەتی چینی کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا هاوکار بووە لەوەی فێرخوازان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ بەشداربوون لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

داواشیکرد پێکەوە کاربکەن بۆ پەرەپێدانی زیاتر و بەردەوامیدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی، تا لە داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر فێرخوازی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، ژینگە و گەشتوگوزاردا بەشداری بکەن لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی چین، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوودێکی زیاتر لە ئەزموونی دەوڵەمەندی گەشەسەندنی چین وەربگرێت.

لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی چین ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی بە فێرخوازانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بەرنامەیەکی تایبەتی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کە تایبەتە بە پەرەپێدانی تواناکانی وەرزشوانانی کورد و لە ئێستادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ژمارەیەک لە وەرزشوانی کورد، بە تایبەتی لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا، لە چین سەرقاڵی راهێنانن.

هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بە پلانی بەشی وەرزشی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کرا کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تیمێک لە راهێنەرانی ئاست بەرزی وڵاتی چین لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا بۆ کردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی بێنە هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە هەماهەنگی پێویست کرا.

بابەتی پێشتر

گرفتی مووچەی بەشێك لە مووچەخۆران چارەسەركرا

بابەتی دواتر

کۆمپانیای BMW زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکان دەکێشێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share