یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی دە ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیەنێت، دەساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان تێپەڕ دەبێ کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا.

لە راگەیەندراوێکدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ”دەساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بە دەستی تیرۆریستان تێپەڕدەبێت کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا، دژ بە هاونیشتمانیانی ئێزدی و دژ بە نیشتەنی ژیان و شارستانی لە مێژینەیان لە شەنگال و دەوروبەری، هەروەها فەرمانی قەتل و عامی د-ا-ع-شیانە هەزاران هەزار کەسی ئێزدی کردە قوربانی و سەدان لە کچانی و ژنانی سەربەرز و رووسووری وڵاتەکەمانی بە کۆیلە و کەنیزەک برد”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ”بەداخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدییان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمیی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بەهێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی  رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد بۆ بەرگرتن لەو خوێنبەربوونە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوەی لە توانایدایە”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، ”دوای پرۆسەی رزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی د-ا-ع-شدا، هەوڵەكانی یەكێتی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان، قەرەبووی زیانلێكەوتوان و لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە”.

دەشڵێت، ”لەم یادەدا، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس، خاوەندارێتیی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشمانیی  و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شەنگال دووپات دەکەینەوە، جەخت لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدییان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و  دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە”.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا یەکێتی دەڵێت، ”یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدییانە کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەردەوامی بەرەنگاری و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت، درود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی جینوسایدی شەنگال و سەرجەم قوربانیان و شەهیدانی گەلی کوردستان و عێراق”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵه‌بانی له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی: ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌م گه‌شه‌

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20ی تشرینی دووه‌م، هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی چالاكییه‌كانی ڕۆژی دووه‌می ده‌ستپێكرد، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی…
Total
0
Share