توێژینەوەیەكی نوێ دەڵێت، دووركەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە كێشان، زیادەڕەوی نەكردن لە خواردنەوە كحولییەكان و رێگەنەدان بە زیادبوونی كێش، لەو هۆكارە سەرەكییانەن كە دەتوانرێت لەڕێیانەوە پێگەیشتووان دەتوانن خۆیان لە شێرپەنجە بپارێزن، بەپێی رۆژنامەی “یو ئێس ئەی تودەی”ی ئەمریكی.
توێژینەوەكە كە ئەم هەفتەیە كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەدەدات كە دەتوانرێت 40%ی حاڵەتەكانی شێرپەنجە و 44%ی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە وەلابنرێت لەنێو ئەو كەسانەی تەمەنیان 30 ساڵ و زیاترە، بە واز لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحولی.
ئەو هەڵسوكەوتانەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەكەن بریتین لە جگەرە و نێرگەلە كیشان، خوردنەوەی كحول و زیادبوونی كێش، بەپێی رۆژنامەكە.
توێژینەوەكە ئاماژەشدەدات خواردنی زۆری گۆشتی سوور، گۆشتی دەستكرد و ئەو ژەمە خۆراكییانەی میوە، سەوزە، ریشاڵی خۆراكی و كالیسیۆمیان كەمە، بەهەمان شێوە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەكەن.
ژمارەیەك لە شارەزایانی بەشدارنەبوونی توێژینەوەكەش پێیانوایە، توێژینەوەكە دەبێتە یادهێنانەوەیەكی گرنگ بۆ ئاژانسەكانی تەندروستیی جیهانی و بڕیاربەدەستان بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەتی هاندانی هەڵسوكەوتی تەندروست.
بەپێی راپۆرتێكیش كە رۆژنامەی “گاردیان”ی بەریتانی لە 13ی تەمموز بڵاویكردووەتەوە، لە گرنگترین ئەو رێنوێنییانەی پزیشكان پێشكەشی دەكەن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە خۆی دەبینێتەوە لە نەكێشانی جگەرە و هاوشێوەكانی، چونكە بە بڕێكی بەرچاو بەرپرسە لە تووشبوون بە زۆرێك لە گرێ پیسەكان و، دیارترینیشیان شێرپەنجەی سییە.
بەپێی راپۆرتەكە، پزیشكان بەهەمان شێوە رێنوێنی دەكەن بە پارێزگاریكردن لە كێشێكی تەندروست و دووركەوتنەوە لە قەڵەوی، چونكە 70%ی حاڵەتەكانی شێرپەنجەی جگەر پەیوەندی بە زیاد كێشییەوە هەیە.
توێژینەوەكە دەڵێت، هۆكاری تووشبوون لە 40%ی نزیكەی 1.8 ملیۆن كەس بە شێرپەنجە لە ساڵی 2019دا، دەگەڕێتەوە بۆ “هۆكاری مەترسیدار كە دەكرێت گۆڕانكارییان تیابكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، حاڵەتەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی سی، زۆرترین حاڵەتن كە پەیوەندیدارن بەو هۆكارە مەترسیدارانەی دەتوانرێت خۆتی لێپیارێزیت، جۆرەكانی دیكەی شێرپەنجە كە زۆر بەربڵاون و دەشێت خۆپارێزییان لێبكرێت، بریتین لە شێرپەنجەكانی پێست، كۆڵۆن و رێكە.