كوبا وەڵامی بڕیارەكەی ئەمریكا دەداتەوە

ئاڵای ئەمریكا و كوبا

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وڵاتی كوبای خستەوە نێو لیستی وڵاتانی پاڵپشتیكاری تیرۆر، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڕیارەكە بە “ئینتیهازی سیاسی” ناودەبات.

برۆنۆ رۆدریگیز، وەزیری دەرەوەی كوبا لە تویتێكدا ڕایگەیاند، بۆ هەمووان ڕونە كێ گرنگی بە پرسی تیرۆر دەدات و دەشڵێت، “ئینتیهازی سیاسی”ی ئەم هەنگاوە ڕوونە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە دوایین ڕۆژەكانی لە پۆستەكەیدا بەسەردەبات، کوبای گەڕاندەوە بۆ لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر.

ویلایەتە یەكگرتووەكان هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندوەتەوە بۆ پشتیوانییەکانی کوبا لە وڵاتی ڤەنزوێلا کە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتەسەر.

لە ساڵی 2015دا باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوكاتی ئەمریکا، كوبای لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر دەرهێنا و باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە هاڤانا كردەوە.

یەكەمین جار كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو وڵاتەی خستە لیستی تیرۆرەوە لە ساڵی 1982دا بوو، ئەوكات بە تۆمەتی “هاندانی شۆڕشە چەكدارییەكان و پشتیوانیكردنی تیرۆر” تا ئەوكاتەی لەلایەن ئیدارەكەی ئۆباماوە لە لیستەكەدا دەرهێنرا.

بەپێی ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)یش ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی نوێ چاو بەو بڕیارەدا دەخشێنێتەوە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە چەند مانگێك دەخایەنێت.

حوسییەكانی یەمەنیش دەخرێنە لیستەكەوە
یەكشەممەی ڕابردوو مایك پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نیازی وڵاتەكەی بۆ دانانی كۆمەڵەی حوسییەكانی یەمەن بۆ نێو لیستی تیرۆر ڕاگەیاند.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتەكەی دەیەوێت كۆنگرێس لەو نیازە ئاگاداربكاتەوە.

بڕیارەكە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە حوسییەكان دەخاتە لیستی “ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە”، ئەمەش واتە هەر جۆرە مامەڵەكردنێك لەگەڵیدا، دارایی بێت یان بە پێدانی چەك، یان ئاڵوگۆڕی ئامێر و كەلوپەل، دەچێتە ژێر سایەی سزاكانی ئەمریكاوە.

چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ كۆمەڵەكەدا سێ سەركردەشی كە بریتین لە عەبدولمەلیك حوسی و عەبدولخالق بەدرەدین حوسی و عەبدوڵا یەحیا حەكیم بخرێنە هەمان لیستەوە.

بەڵام ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری لە هەنگاوێكی لەو جۆرە دەدات و پێیوایە كاردانەوەی مەترسیداری دەبێت لەسەر وتوێژەكانی ئاشتی و هەوڵەكان بۆ كۆتایی هێنان بە گەورەترین ئاستەنگی مرۆیی لە جیهاندا.

لیستی تیرۆر چییە؟
“لیستی تیرۆری ئەمریكا” لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكاوە دەركرا و ئەو كەس و ڕێكخراو و پێكهاتانە لەخۆدەگرێت كە واشنتن پێیوایە هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشە نەتەوەییەكەی.

حكومەت و دەستە هەواڵگرییەكان لیستێك یان پەڕەیەكی تیرۆر بەپێی پێوەرە دیاریكراوەكانی ئەمریكا دادەنێن، هەندێك پێیانوایە پێوەرەكە تا ئاستێكی زۆر سیاسییە زیاتر لەوەی ئەو وڵات و ڕێكخراوانە هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا.

ئەو تاكانەی دەخرێنە نێو لیستی تیرۆری ئەمریكاوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و ڕێگرییان لێدەكرێت بچنە ناو خاكی ئەمریكاوە، هەروەك سەروەت و سامانەكانیان لەنێو خاكی ئەمریكا و ئەو ناوچانەی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتییەوە سڕدەكرێن. بەپێی لیستەكە ڕێگریش دەكرێت لەهەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی یان نیشتەجێی ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكات.

بابەتی پێشتر

چیرۆکی گوڵی لالەی هۆڵەندی.. بتکۆین هەمان چارەنووسی دەبێت؟

بابەتی دواتر

ئەرشەد حسێن: قسەكردن لەنێو پەرلەمان پێوەر نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
6
Share