ئەندامێکی ئەنجومەنی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی هەرێم دەکات کە نیەتی.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم 32 ساڵە مانگانە لەسەدا 7ی مووچەی لە فەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تاوەکو ئێستا سندوقی نەبووە و نازانرێت ئەو پارەیەی چیلێکردووە.
باس لە ئەوەش دەکات، کاتێک بە بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێت لە سندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی شارستانی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی رابردووی فەرمانبەران رادەستی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوە وردبینی لە دۆسیەی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناشایستە و نایاسایی.
سۆران عومەر دەڵێت، بەپێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە 25%ی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سندوقی خانەنشینی 10%ی لەمووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و 15%ی حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات.
دەشڵێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە مووچە لە عێراقەوە هاتووە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە، داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە.