ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی حوزەیرانی 2024 بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 23 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون.
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ”کۆی ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە گرێبەستەکانی دەرەوەی دادگاکانیشەوە گەیشتە 23 هەزار و 324 گرێبەست، لەو ژمارەیەش زۆرترینیان لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغداد تۆماکراون کە سێ هەزار و 976 گرێبەست بووە”.
سەبارەت بە حاڵەتەکانی جیابوونەوە ئەو ئەنجومەنە ئەوەی خستووەتەڕوو، ”لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا چوار هەزار و 779 حاڵەتی جیابوونەوە بەوانەی دەرەوەی دادگاکانیشەوە تۆمارکراون و زۆرترینیان لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە بەغداد تۆمارکراون کە 947 حاڵەت بووە”.
هەر بەپێی ئامارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ”کەمترین ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی قادسیە تۆمارکراون کە 677 گرێبەست بووە، هاوکات کەمترین حاڵەتەکانی جیابوونەوەش لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سەڵاحەدین تۆمارکراون کە 98 حاڵەت بووە”.