لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق زانیاریی نوێ خرایەڕوو

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاریی نوێ لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق دەخاتەڕوو و دەڵێت، ”بەپێی ماددەی 21 بڕگەی چوارەم، كەمترین مووچەی خانەنشینان 500 هەزار دینارە”.

د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق ئاماژەی بەوەكرد، ”بەپێی ماددەی 10 بڕگەی یەكەم و دووەم لە حاڵەتی ئاساییدا ئەگەر فەرمانبەرێك 60 ساڵی تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت خانەنشین دەكرێت”.

سەبارەت بە حاڵەتەكانی دیكە دەڵێت، ”بەپێی ماددەی 21 بڕگەی یەكەم، ئەگەر فەرمانبەرێك ویستی زووتر خانەنشین ببێت پێویستە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵی تەواوكردبێت، هاوكات ئەگەر كەسێك ویستی درەنگتر خانەنشین بێت بەپێی ماددەی 11 دەتوانێت سێ ساڵی دیكە بەردەوامبێت لە خزمەتكردن دوای رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی عێراق”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، ”بەپێی بڕیاری هەمواركراوی ساڵی 2019 كەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینارە، هاوكات بەپێی ماددەی 36 لەكاتی زیادبوونی قەبارەی هەڵاوسان ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت مووچەی خانەنشینان زیادبكات”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ”ئەو فەرمانبەرەی 25 ساڵ خزمەتی هەیە 12 مووچەی تەواو وەردەگرێت، بەڵام ئەو فەرمانبەرەی لە 15 ساڵ كەمتر خزمەتی هەبێت، ئەو پارەیەی وەریدەگرێت بریتییە لە كۆتا مووچەی بەبێ دەرماڵە لێكدانی 2 لەگەڵ لێكدانی ساڵانی خزمەت”.

لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان 60 ساڵە و ساڵی خزمەتكردنیان لە 15 ساڵ كەمترە د. بڕیار رەشید دەڵێت، ”ئەو فەرمانبەرانەی 14 ساڵ خزمەتیان هەیە مووچەكانیان 350 هەزارە و بۆ هەر ساڵێك كەمتر 50 هەزار دیناری لێ دەبڕدرێت”.

دەربارەی زانینی تێكڕای مووچەی هەر فەرمانبەرێك لە كاتی خانەنشین بوونیدا دەڵێت، ”بۆ زانینی مووچەی خانەنشینی پێویستە هەر فەرمانبەرێك تێكڕای مووچەكەی لێكدانی ساڵانی خزمەت، لێكدانی 2.5، دابەشی 100 بكات بۆ ئەوەی بزانێت مووچەكەی دەبێت بە چەند، هاوكات بێجگە لەوەش دەرماڵەی بژێویی و بڕوانامەش دەچێتە سەر تێكڕای مووچەكەی”.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

ئاوات شێخ جەناب: بەردەوام دەرگامان بۆ وردبینی و بەدواداچوون لە لیستی مووچە و داهات و خەرجییەكان كراوەبووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share