بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە هاوکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکان بچنە ئاستێکی باڵا

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، مەترسییەکانی تیرۆر کۆتاییان نەهاتووە و جموجوڵەکانی چەكدارانی داعش بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکانیش بچنە ئاستێکی باڵاتر.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق و وەفدێکی باڵای سەربازی و ئەمنی.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکان تاوتوێکران و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆی لەبارەوەکرا. بەردەوامیی هەماهەنگییە هەواڵگری و ئەمنییەکانی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ئەمنی و چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەکە بەرچاوڕوونیدا و ئاماژەی بەوەکرد، روونە مەترسییەکانی تیرۆر کۆتاییان نەهاتووە و جموجوڵەکانی چەكدارانی گروپەكە بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکانیش بچنە ئاستێکی باڵاتر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر توندتربکرێتەوە تاوەکو هیچ بوارێکیان بۆ نەمێنێتەوە و سەقامگیری و ژیانی خەڵکەکەمان پارێزراوبن.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی 70 بەڕێوەچوو.

بابەتی پێشتر

کونسوڵی ئابوریی ئەمریکا لە هەرێم: بەباشیدەزانین هەرێم و عێراق لە کەرتی کارەبا رێککەوتنی درێژخایەن واژوو بکەن

بابەتی دواتر

هۆشداری لەبارەی جۆرێکی مریشکەوە دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share