بڕیارە لە رۆژی دووشەممە پشووی وەرزی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی بێت و لە رۆژی سێشەممەوە دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە.
غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، رۆژی دووشەممە پشووی وەرزیمان کۆتایی دێت و لە رۆژی سێشەممەوە دانیشتنەکان دەستپێدەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵێک لە ئارادایە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک بێت، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت کە دەتوانرێت لە یەکەم دانیشتن ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە یان نا یان تەنانەت رۆژی سێشەممە دانیشتن دەکرێت یاخود نا.
ئاشکراشیکرد، پێش 24 کاتژمێر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکرێت و ئێمەش چاوەڕوانی ئەوە دەکەین بزانین دەکرێتە بەرنامەی کارەوە.