یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتیی بڵاودەكەنەوە و رایدەگەیەنن، “دوور و نزیك هێزەكانمان و هێزەكانی تری هەرێمی كوردستان پەیوەندییان بەو رووداوانەوە نییە كە لە هەولێری خۆشەویست، دهۆكی دەلال و كەركوك روویانداوە”.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، “جێگەی نیگەرانی و سەرسووڕمانە كە تەنها نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بەغداد بە مەرامی تایبەت و وەك تۆمەت ئاماژە بە ناوی هێزەكانمان و سنووری سلێمانی دەكات و وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕوونی ئاماژەی بە زانیارییەكاندا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێك بهێنێت.
دەشڵێت، ”لێرەوە رایدەگەیەنین كە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بەغداد وتی، ئەو تۆمەتبارانە لەبەرامبەر بڕە پارەیەكدا “تەجنید” كراون ئەمەش دەرخەری ئەوەیە و جەختیشدەكەینەوە كە ئەم كەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێكیترمان ئەو كارەیان كردووە و نە پەیوەندیی بەهێزەكانمانەوە هەبووە”.
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئێمە لە هێزەكانمان چاوەڕێی رێڕەوی تەواوی لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراقین تاوەكو راست و دروستی دوور لە مەرام و پیلانی ناڕەوا بۆ رایگشتیی وڵاتەكەمان ئاشكرابكەن كە هەر كەس و لایەنێك لەپشت سووتاندنی بازاڕەكانەوەیە، رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.