جێگری سەرۆك وەزیران مۆزەخانەیەكی تایبەت بە پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی دژ بە داعشی لە چەمچەماڵ كردەوە و دەڵێت، مۆزەخانەكە کارێکی بچوکە بۆ نیشاندان و پاراستنی قارەمانێتیی شەهیدان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە (30ی حوزەیرانی 2024) لە سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ مۆنۆمێنتی ئەنفالی بەسەركردەوە و بە یادی هەموو شەهیدانی ئەنفال، تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لە مۆنۆمێنتەکە دانا.
دواتر جێگری سەرۆک وەزیران مۆزەخانەی پێشمەرگەی شەهیدەکانی شەڕی داعشی کردەوە، کە مۆزەخانەکە بۆ رێزگرتن لە گیانفیدایی پێشمەرگە و پاراستنی بیرەوەرییەکانی شەهیدەکانی شەڕی دژ بەو گروپە تیرۆرستییە دروستکراوە و جلوبەرگ و کەلوپەلە تایبەتەکانی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا هەڵگیراوە.
قوباد تاڵەبانی لە کاتی سەردانەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە کرد و رایگەیاند، ئەم مۆزەخانەیە کارێکی بچوکە بۆ نیشاندان و پاراستنی قارەمانێتیی شەهیدانی پێشمەرگە، چونکە گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا ئەوەندە گەورەیە کە دەبێت نەوە لە دوای نەوە چیرۆکی ئەم قارەمانانەی کورد لەڕێگەی فیلم و نووسین و کاری هونەرییەوە بۆ هەموو خەڵکی جیهانی بگێڕنەوە.
هەریەك لە دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ، رمك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری شەهیدانی چەمچەماڵ یاوەری جێگری سەرۆك وەزیران بوون.