خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، دڵنیاییدا لەبارەی نەبوونی کێشە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند دوای تەواوکردنی وردبینییەکان وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەکات بە دابینکردنی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، هیچ کێشەیەکی سیاسی و یاسایی لە مووچەدا نییە و ئەوەی هەیە لە پارەدارکردنی دارایی بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان قابیلی چارەسەرکردنە و پەیوەندیدارە بە چۆنیەتی ناردنی لیستەکانیان و ئەوەش قابیلی چارەسەرە.
جەختیشیکردەوە، بە گوێرەی رێککەوتنەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق، هیچ کێشەیەک نییە لە پارەدارکردنی مووچەی فەرانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی هەیە هەندێک کێشە و تێبینییە لە لیستەکان و ناوەکان لە چۆنیەتی پارەدارکردنی هێزە ئەمنییەکان و ئەوەش قابیلی چارەسەرکردنە و تێگەیشتن هەیە لەسەر ئاستی باڵا.