راپۆرتێکی نوێ ئاشکرایکردووە، ساڵانە لە عێراق 200 هەزار کەس کۆتایی بە ژیانیان دێت لە بەرامبەردا یەک ملیۆن منداڵ لەدایکدەبن و 10 هۆکاری سەرەکی لە پشت مردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەوەن.
راپۆرتەکە لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانی عێراق ئامادەکراوە تێیدا هاتووە، 10 هۆکار لە پشت %65 ی حاڵەتەکانی مردنەوەن بە شێوەیەک نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری یەکەمی مردنن و رێژەی %11 ی مردنەکان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە روودەدەن، لەدوای ئەویش بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بە هۆکاری دووەمی مردن هەژماردەکرێت کە 9% ی مردنەکان بەو هۆکارەوەن، لەدوای ئەویش نەخۆشیەکان و جەڵتەی مێشک دێن.
هەر بەپێی راپۆرتەکە نەخۆشی شەکرە و لەکارکەوتنی گورچیلە هۆکارێکی دیکەی سەرەکی مردنن لە عێراق و بەشێکیش لە هاوڵاتییان بە هۆکاری نادیار گیانلەدەستدەدەن.
نەخۆشییە دەروونییەکانی دوای منداڵبوون لە ژناندا هۆکاری هەشتەمی مردنن و نەخۆشییە ڤایرۆسی و میکرۆبیەکان لە پلەی نۆیەم دێت و گرێی کۆئەندامی هەرس هۆکاری دەیەمی مردنن لە وڵاتەکەدا.