بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق بڵاویکردەوە، نرخی گۆڕینی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل دیاریکراوە و هیچ بڕە پارەیەکی دیکە وەرناگیرێت.
موقەدەم عەلی حەسون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، هەر لە دەستپێکردنی کارکردن لەسەر سیستەمی تابلۆی نوێ دیارکراوە کە بڕی رسوماتی گۆڕینی، 15 هەزار دینارە بۆ هەر تابلۆیەک و بۆ هەردووکی 30 هەزار دینار دەبێت و هیچ بڕە پارەیەکی زیادە وەرناگیرێت.
لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەکرد، دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری بە دوو بەشە، بەیانیان و ئێواران دەکرێت بەبێ وەستان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی بۆ 2:00ی پاشنیوەڕۆ و دواتریش لە 2:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ 9:00ی شەو لە هەموو رۆژەکانی هەفتە جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە.
هاوکات باسی لەوەشکرد، مامەڵەکانی ساڵانە بەبێ هیچ دواکەوتنێک تەواو دەکرێن لە هەمان رۆژدا کە ئەوەش فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراقە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان لە زووترین کاتدا.