هەشت هۆکار وا دەکات یانەی بەرشلۆنە جامی سوپەری ئیسپانیا بەرزبکاتەوە

بەرشلۆنە گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوی بردنەوەکان و چانسی بەدەستهێنانی نازناوی سوپەری ئیسپانیای هەیە

یانەی بەرشلۆنە لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی خولی پلە یەکی ئیسپانیا ڕەونەقی یاریکردنی گەڕاندووەتەوە و پێکهاتەی کومان ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکردووە.

لە سەرەتای وەرزدا یانە کەتەلۆنیەکە ئاستی بە پێی پێویست نەبوو، تەنانەت میدیا و شارەزایانی کەتەلۆنیا چاوەڕوانی داڕوخانێکی وەرزشی هونەرییان لە ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەری هۆڵەندی و پلانەکانی دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەستێرەکانی بارسا گەڕانەوە سەر ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان و لە کۆتا سێ ڕوبەڕوبوونەوەی لالیگا لە دەرەوەی یاریگای خۆیاندا بردنەوەیان تۆمارکرد.

بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو کێبڕکێکانی جامی سوپەری ئیسپانیا دەستپێبکات، مێسی و هاوڕێیانی لە یەکەم یارییدا ڕوبەڕوی ڕیاڵ سۆسیداد دەبنەوە.

ڕۆژنامەی مارکا شیکارییەکی بۆ ئاستی ئازولگرانا کردووە و نوسیویەتی، لەبەر پێنج هۆکار یانە کەتەلۆنیەکە چانسی بەدەستهێنانی جامی سوپەری ئیسپانیای لە یانەکانی دیکە (ڕیاڵ مەدرید، سۆسیداد، بلباو) بەهێزترە.

 

زنجیرە سەرکەوتنەکان: بەرشلۆنە لە سێ کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەدا سێ بردنەوەی بەرانبەر هوێسکا و بلباو و غەڕناتە لەدەرەوەی یاریگای خۆی تۆمارکردووە، ئەوەش دەریدەخات ئاستی یاریزانان بەرزبووەتەوە و بەردەوامییان لەسەر بردنەوە وەرگرتووە.

 

گەڕانەوەی مێسی: لە کۆتا دوو ڕوبەڕوبوونەوەدا مێسی چوار گۆڵی تۆمارکردووە و گەڕاوەتەوە لوتکەی ڕیزبەندی گۆڵکارانی لالیگا، گەڕانەوەی ئەفسانە زیندووەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێکهاتەکە هەبووە.

 

سیستمی (4-3-3)ی کومان: ڕۆناڵد کومان چەندین پلان و تاکتیکی یاریکردنی تاقیکردووەتەوە، لە کۆتاییدا لەسەر 4-3-3 جێگیربووە، بەم شێوە یاریکردنەش یانەکە گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوی بردنەوە.

 

دووانەی مێسی و پێدری: یاریزانێکی 18 ساڵ “پێدری” باشترین ئاستی پێشکەشکردووە و یاریدەدەربووە لە گەڕانەوەی لیۆ مێسی و زەردەخەنەی خستووەتەوە سەر زاری کەتەلۆنیەکان.

 

بەهێزی بەرگری: ئاراوخۆ و مینگێزا دوو لاوی بەهرەدارن و سەرەڕای کەمی تەمەنیان، بەڵام کاریگەریان لەسەر ئاستی هێڵی بەرگری هەبووە، گەڕانەوەی ئومتیتیش ئەرێنی بووە و بەتایبەت بەرانبەر غەڕناتە بچوکترین هەڵەی تۆمارنەکردووە.

 

توانستی هێرشبەری: لە سەرەتای وەرز هێرشبەرانی بارسا لە بەردەم گۆڵدا شکستیان دەهێنا، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کارابوونیان بۆ گەڕایەوە و بەرانبەر غەڕناتە باشترین ئەنجامیان تۆمارکرد.

 

دابەزینی ئاستی سۆسیداد: بارسا یەکەم یاری بەرانبەر سۆسیدادە، ئەم یانەیەش لەسەرەتای وەرزەوە بەهێزبووە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بەرەودوا هەنگاوی ناوە، لە کۆتا 12 ڕوبەڕوبوونەوەدا تەنها بردنەوەیەکیان هەبووە، حاڵی حازر ئاستی بارسا زۆر بەرزترە لە ئاستی یانە باسکیەکە.

بابەتی پێشتر

بەراوردی ژمارەیی نێوان هازارد و گاریس بەیل ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر دەدات بەدەستەوە !

بابەتی دواتر

سەرۆکی پەرلەمان داوای لێبوردن لە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share