ناوەندی مافەکانی مرۆڤ: نزیکەی 4 ملیۆن پەنابەری عێراقی لە جیهاندا هەیە

سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ژمارەی ئەو عێراقیانە بڵاوکردەوە کە لە جیهاندا پەنابەرن و دەڵێت، لەماوەی هەشت ساڵدا زیاتر لە 757 هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.

فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەوەی خستەڕوو، ”نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 20ی حوزەیرانی وەک رۆژی جیهانیی پەنابەران پەسەندکردووە، بۆ ئەوەی گرنگی پاراستنی پەنابەران بەبیر جیهان بخاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ”نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری عێراقی لە سەرانسەری جیهان هەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی و بەشێکی وڵاتانی عەرەبی جێگیر بوون”.

ئەو بەرپرسەی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی ئاشکراکرد، ”بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ساڵانی 2022-2023 بڵاوکراوەتەوە، 15 هەزار و 214 پەنابەری عێراقی لە سوریا، 61 هەزار و 993 لە ئوردن و زیاتر لە 10 هەزاریش لە تورکیا تۆمارکراون، ئەمە بێجگە لە نزیکەی 132 هەزار پەنابەر کە کەیسەکان چارەسەر نەکراون لەگەڵ شەش هەزار و 500 پەنابەر لە لوبنان”.

دەشڵێت، ”لەنێوان ساڵانی 2023 – 2015 ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییەوە و داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە گەیشتووەتە 757 هەزار و 323 کەس، لەبەرامبەردا عێراق میوانداری نزیکەی 260 هەزار پەنابەری سوری کردووە”.

جەختیلەوەش کردەوە، ”عێراق پێنج جار رووبەڕووی شەپۆلی پەنابەران بەرەو دەرەوەی وڵات بووەتەوە بەهۆی شەڕ و بارودۆخی ئابوری و ئەمنی، هاوکات داوای لە حکومەت کرد پێداویستییەکان بۆ گەڕانەوەیان دابینبکات و هەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی چڕ بکاتەوە بۆ پشتیوانیکردنیان لەو وڵاتانەی کە تێیاندا جێگیرن”.

بابەتی پێشتر

بۆچی هەندێک کەس هەرگیز تووشی کۆرۆنا نەبوون؟

بابەتی دواتر

سەرکەوت ئەحمەد: رۆژانی جەژن لە سلێمانی بە ئارامی تێپەڕین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سائیرون سێ پەرلەمانتاری خۆی دوورخستەوە

هاوپەیمانیی سائیرونی سەربە ڕەوتی سەدر ئاشکرایکرد سێ پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەکەیان دوورخستووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ پابەندنەبوون بە بنەما ناوخۆییەکان گێڕاوەتەوە.…
Total
0
Share