وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرایدەکات، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، یەکەم بڕی ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر دەگاتە عێراق.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدواێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 11ی کانوونی دووەم، ڕایگەیاندووە، ” عێراق لەگەڵ کۆمپانیاى فایزەر بۆ هێنانى ڤاکسینى دژەکۆرۆنا گرێبەستى واژوو کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکەم گوژمەى ڤاکسینەکە دەگاتە دەستمان”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق وتوشیەتی، ” بە پێى ڕێککەوتنى یەکەم لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر، عێراق ملیۆنێک و 500 هەزار بەشى لە ڤاکسینەکە بەردەکەوێت و لەناو سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ڕادەستى دەکرێت واتا لە دوو مانگى داهاتوودا”.
بە پێی وتەکانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروسیتی عێراق، دابەشکردنى ڤاكسینى كۆرۆنا، بۆ هەموو پارێزگاکان دەبێت لەڕێگەى نەخۆشخانەکانەوە و بە پێى گرنگیى لەپێشینە دەدرێتە خەڵک و کوتانەکەشى ناچارى نییە.
عێراق یەکێکە لە ئەندامانی بەرنامەی “کۆڤاکس” بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بە دەیان وڵات، لەو بەرنامەیەدا عێراق بەشی ڤاکسینی هەیە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەریدەگرێت و بەشی 8 ملیۆن کەس ڤاکسین وەردەگرێت.