وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و گاز كۆبووەوە

د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز كۆبووەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە بودجە و نەوت كرا، تیشكخرایە سەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری كێشەكان و گەیشتن بە رێگاچارەی هاوبەش.

دەشڵێت، “هەر لە كۆبوونەوەكەدا نیازی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێكرایەوە و خواستی حكومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان خرایەڕوو بە جۆرێك كە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەكە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت”.

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند، هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا باس لەو ئاڵنگاریانە كران كە بەهۆی بارودۆخی ئابوری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشوودرێژیی كۆمپانیاكان كرا و ئاماژەش بەوەدرا بە پێكەوەیی مانەوە و كاری هاوبەش لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەردەوامیدان بە كارەكانیان سەركەوتووتردەبن، هەماهەنگی و كاری هاوبەش لە نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان بە پێویستزانرا لە پێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی ئابوریی هەرێمی كوردستان و عێراق.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی: کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی شوبات رەوانەی بەغداد دەکرێت

سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سێ رۆژی داهاتوودا سەرجەم کارەکانی ئامادەکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتاییدێت و دواتر رەوانەی…
Total
0
Share