قوباد تاڵەبانی: ئەم موناقەشە گەورەیەی لەناو سلێمانی لەسەر پرسی ژینگە دروستبووە، هەستی شانازی و گەشبینی لە مندا ورووژاند

قوباد تاڵەبانی، جێگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی سەباح بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، “ئەم موناقەشە گەورەیەی لەناو سلێمانی لەسەر پرسی ژینگە دروستبووە، هەرچەند بەشی زۆری رەخنەکان بەندە و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی شار دەگرێتەوە، بەڵام هەستی شانازی و گەشبینی لە مندا ورووژاند”.

قوباد تاڵەبانی باس لەوە دەکات، یەکەمجارە دەبینین لە کوردستان و عێراقدا پرسی ژینگە دەبێتە جێی مشتومڕێکی لەم ئاستە و هاوڵاتی دەیەوێت لەرێگەی پرسی ژینگەوە فشار لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری دروستبکات.

جێگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لەم رۆژانەدا بابەتی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە بناری شاخی گۆیژەی سلێمانی (کە رەنگە لە هەموو عێراقدا جوانترین و ناوازەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون بێت)، بوو بە مایەی مشتومڕێکی زۆر و دانیشتوانی شاری دابەشی دوو بەرە کرد، بەرەیەک دژی پڕۆژەکەن و پێیانوایە زیانی ژینگەیی هەیە و بەرەیەکی دیکەش پێیانوایە ئەگەر پڕۆژەکە زیانی ژینگەییشی هەبێت، لەو ئاستەدا نییە پڕۆژەیەکی ناوازەی بۆ پەکبخرێت کە سیمای شار دەگۆڕێت.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “مەبەستم نییە لێرەدا باسی لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم پڕۆژەیە بکەم، ئەمە ئەرکی پسپۆڕانی بوارەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە. بەڵکو ئەم پڕۆژەیە و ئەو مشتومڕەی دانیشتووانی سلێمانی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە و لەرۆژی جیهانی ژینگەدا، دیمەنە گەورەکە ببینین”.

جەخت لەوە دەکاتەوە، هەستیاری و فشاردروستکردنی هاوڵاتییان خۆشحاڵ و گەشبینی کردووە و هیواخوازە هەموو کوردستان و عێراق بگرێتەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆرە هەمووان ئاگاداری مەترسییە پێشبینی کراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوان و ساڵانە راپۆرت و توێژینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هۆشداری روودانی کارەساتی گەورە و قەرەبوونەکراو دەدەن، کەچی سیاسەت و حکومڕانی ئێمە لە عێراق و کوردستاندا تا رادەیەکی زۆر بێباک بەلایدا تێپەڕدەبێت.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، “دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم، هەتا هاوڵاتی و کۆمەڵگای مەدەنی بە ئەندازەی پێویست فشار دروست نەکەن، بڕوا ناکەم سیاسەت خۆی بەم پرسە چارەنووسساز و پڕ لە هەڕەشەیەوە سەرقاڵ بکات، ئەوە نییە کۆچی ناچاری دەیان هەزار خێزان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و خێراتربوونی پرۆسەی بە بیابان بوون و لەناوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمکردنی مەترسیداری ئاوی سەر زەوی و ژێرزەوی و چەندین کارەساتی دیکە بە بەرچاوی هەمووانەوە روو دەدات و هەمووانیش کپ و بێدەنگ، وەک بڵێی ئەم کارەساتانە لە هەسارەیەکی تر روودەدات”.

باسی لەوەشکردووە، 100 ساڵە لە عێراقدا سیاسەت لەژێر دروشمی دادپەروەری بەڕێوەدەچێت و بەدیش نەهاتووە، بەڵام رەنگە تێکچوونی ژینگە دادپەروەرییەکی نەخوازراومان بەسەردا بسەپێنێت. دادپەروەری لە دابەشبوونی یەکسانی ئازار و نەهامەتیدا، بەو مانایە کە لێکەوتەکانی تێکچوونی ژینگە بە شێوەیەک نییە کە بەرۆکی ناوچەیەک و خەڵکانێک بگرێتەوە و ناوچەکانی دیکە و خەڵکانی دیکە لێی بێ بەری بن.

جێگری سەرۆکوەزیران راشیدەگەیەنێت، نەمانی دەرفەتی ژیان لە باشوری عێراق، لە رێگەی کۆچی ناچاری و دواتر ناسەقامگیرییەوە، ئازارەکەی بەر ناوەڕاست و تەنانەت بەر هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت، یان نمونەیەکی روونتر، کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک پاشماوەی ژەهراوی لە تانجەرۆی سلێمانی، تەنها زیانی بۆ ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتییانی سلێمانی نییە، بەڵکو ئەو خۆڵ و خاشاکەی تانجەرۆ بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوی رووباری تانجەرۆ کە دەڕژێتە ناو بەنداوی دەربەندیخان و لەوێشەوە مەترسییەکانی ئەم پیسبوونە لەڕێی رووباری سیروانەوە بەرەو ناوەڕاست و باشوور دەڕوات.

قوباد تاڵەبانی جەخت لەوەش دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر لە زۆر سیاسەتدا ناکۆک بین، دەبێت پرسی ژینگە کۆمان بکاتەوە، بەندە وەک بەرپرسێک لە هەرێمی کوردستان چەندە خەمی چارەسەرکردنی کێشەی تانجەرۆمە، دەبێت بە هەمان ئەندازەش بەرپرسێکی حکومەتی فیدراڵ لەبەغداد و بەسرە و ئەنبارە خەمی چارەسەرکردنی کێشەی تانجەڕۆی هەبێت. بە پێچەوانەشەوە بەندە و هاوڕێکانم لە هەرێم دەبێت خەمی زۆنگاوەکانی باشورمان هەبێت، چونکە ئەگەر وانەکەین بەر دادپەروەرییە نەخوازراوەکەی ژینگە دەکەوین.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا دەڵێت، “لەناو هەر تاریکییەکدا تروسکاییەک هەیە بەرەو راستەڕێ ئاراستەمان بکات. پرسی ژینگەش چەندە مەترسییە، ئەوەندەش دەرفەتە بۆ هەموومان، دەرفەتە بۆ تێگەیشتن لە هاوچارەنووسیی، دەرفەتە بۆ تێگەیشتن لە ئازار و مەترسییەکانی یەکتر، دەرفەتە بۆ کرانەوەی دەرگای تێگەیشتمان بەڕووی هەڕەشە و مەترسییە هاوبەشەکانی داهاتوومان، دەرفەتە بۆ تێگەیشتن لە پێویستیی پێداچوونەوە بە سیاسەت و حکومڕانی”.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرمی لە هەولێر دەگاتە 40 پلە

بابەتی دواتر

ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە کەرکوک وەرگەڕا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەینێ رێککارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایان لە سلێمانی دەستپێدەکات

بڕیارە سبەینێ دووشەممە رێککارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی سلێمانی ئەنجامبدرێت. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بڵاویکردەوە، داوا…
Total
0
Share