جێگری سەرۆك وەزیران داوا لە باڵیۆزی هیندستان دەكات هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە پراشانت پایس، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان هەردوولا و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی داهێنەر لە بواری تەکنەلۆژیا و کارسازیدا تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەمە (4ی حوزەیرانی 2024) بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی باڵیۆزی هیندستان و حکومەتی ئەو وڵاتەی کرد کە رۆڵی گرنگیان بینی لە سەرکەوتنی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان لە سلێمانی و داوایکرد لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم هاوکارییانە بەردەوامیان هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە روئیای خۆی و پلانی حکومەتی هەرێم دا بۆ پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازیدا و روونیکردەوە کە لە کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی بە توانا و داهێنەر هەن کە خواستیان هەیە لەڕێگەی داهێنانەوە بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد هیندستان بەوپێیەی وڵاتێکی پێشەنگە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و داهێناندا، هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و وڵاتی هیندستان کرا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی هیندستانی کرد کە لە ماوەی رابردوو 50 زەمالەی خوێندنی لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی هەرێم دابینکردوە و هیواشی خواست لە ساڵانی داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتری خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا وەربگیرێن.