وا بڕوات مووچە پێویستی بە 1 ترلیۆن دینار دەبێت
‏”چاكسازییەكان” خەرجیی مووچەیان كەمنەكردووەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەیەكی بڵاوكردووەتەوە، تایبەتە بە داهات و خەرجییەكان بۆ مانگەكانی یەك تا پێنجی ئەمساڵ، خشتەكە دەریدەخات خەرجیی مووچە مانگانە بەرزبووەتەوە.

لەو خشتەیەی حكومەتی هەرێم لەبارەی داهات و خەرجییەكانەوە بڵاویكردووەتەوە، كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان لەو پێنج مانگەدا زیاتر لە 5 ترلیۆن و 640 ملیار دینار بووە، كە 3 ترلیۆن و 391 ملیار دینار داهاتی نەوت و هەروەها 1 ترلیۆن و 708 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بوون، جگە لە هاوكاریی هاوپەیمانان و هەروەها 200 ملیار دینارەكەی بەغداد، كە ئەمەی دواییان تەنها دوو مانگ لە بەغدادەوە نێردراوە.

لەبارەی خەرجییەكانیشەوە، لەو پێنج مانگەدا حكومەتی هەرێم 5 ترلیۆن و 777 ملیار دینار خەرجیی هەبووە، كە زیاترە لە داهات و بەو هۆیەوە بەپێی ئامارەكانی حكومەت، لەو پێنج مانگەدا 137 ملیار و 538 ملیۆن دینار كورتهێنان هەبووە.

ئەوەی جێی سەرنجە، پێچەوانەی ئەوەی ناونراوە پرۆسەی چاكسازی و هەوڵ بۆ نەهێشتنی فرەمووچەیی و خانەنشینیی نایاسایی و ڕێكخستنەوەی مووچە، بەڵام مانگانە خەرجی و پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە بەرزبووەتەوە.

لە مانگی یەكی ئەمساڵ خەرجیی مووچە زیاتر بووە لە 913 ملیار و 483 ملیۆن دینار، بەڵام مانگانە خەرجی و پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە بەرزبووەتەوە و بۆ مانگی پێنجی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیكەی 931 ملیار دینار.

ئەمە لەكاتێكدا زۆرێك لە وەزارەتەكان و وەزیرەكانیان، هەركاتێك باس لە چاكسازییەكان بكرێت، دەڵێن، لەڕێگەی چاكسازییكردن و ڕێكخستنەوەی مووچەوە چەندین ملیار دۆلاریان گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.

ئەگەر بەم شێوەیە بەرزببێتەوە، پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو خەرجیی مووچە لە هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 1 تریلیۆن دینار بێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وه‌زاره‌تى دارایی ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌رماڵه‌ى خوێندكاران ده‌دات

وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوری له‌باره‌ى دەرماڵەی خوێندكاران ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هیچ نووسراوێكى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى…
Total
0
Share