نوێترین بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی پرۆژەی هەژماری من

وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بە حکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستکاریی مووچەکەی بکات.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگای هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ‘هەژماری من’ەوە وەرگرت، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو.
دەشڵێت، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.
لەبارەی پرۆژەی هەژماری من وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە هەژمارێکی بانکیی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابینبکات کە خۆیان خاوەنداریەتیی تەواویان بەسەرییەوە هەبێت، دووپاتیدەکەینەوە هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاریی مووچەکەی بکات.
ئاماژە بەوەش دەکات، “لەمەودوا پێویست ناکات هاوڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود رێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وادەکات هەم کات و هەم ماندووبونێکی زۆرریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابوری”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پرۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان دروستببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە لەژێر رەزامەندی و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەشدەکەن.
باس لەوەشدەکات، سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە راکێشانی مووچەکانیان لە 84 ئامێری جیاوازی راکێشانی پارە ATM، ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی هەزار ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاوڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتربێت.
بابەتی پێشتر

چەند رێگاچارەیەك بۆ چارەسەری گرفتی رژانی سووتەمەنی خرانەڕوو

بابەتی دواتر

چوار رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی منداڵەكەی چۆمان بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share