پۆمپەیۆ: چاوپۆشی لە پیتاندنی یۆرانیۆم ناکەین لەلایەن ئێران-ەوە بە هەر ڕێژەیەک بێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەمە 10ی کانونی دووەم ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بێدەنگ نابێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێران-ەوە و ئەو وڵاتەی بەوە تۆمەتبارکرد کە هەڕەشەی دوورخستنەوەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی-ی کردووە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە پێگەی وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردووەتەوە، مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، “ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران، هەڕەشەی دوورخستنەوەی سەرپەرشتیارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی-ی کردووە، ئەگەر سزاکانی سەر ئێران هەڵنەگیرێن”.

پۆمپەیۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئێران جارێکی تر دەستیکردووە بە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی، بە ئامانجی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، “هەڕەشەکانی ئێران پێشێلکاریین بەرانبەر پلانی گشتگیری ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران پابەندیی یاسایی هەیە بەرانبەر سەرپەرشتیارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئەوەش بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی”.

جەختیشیکردەوە، “سیاسەتی سەرکێشییانەی ئێران، ئەو وڵاتە پابەند ناکات، بەڵكو ئەوە فشار و سزاکانن كە ناچاری پابەندبوونی دەكەن.” پۆمپەیۆ وتیشی، “نابێت چاوپۆشی لە وڵاتێك بکەین کە یەکەم پاڵپشتیکەری تیرۆرە لە جیهاندا تاوەکو بە هەر ڕێژەیەک كە خۆی بیەوێت، یۆرانیۆم بپیتێنێت”.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، ئەحمەد ئەمیر فەراهانی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ئەو سزا دارایی، بانکی و نەوتییانەی لە مانگی شوباتی 2020دا لەسەر وڵاتەکەیان دایناوە هەڵنەگرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرپەرشتیارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە وڵاتەکەیان دووردەخەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، “ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی %20 لە کۆمەڵگەی فۆردۆ دەستپێدەکات کە پێشتر پەرلەمانی ئێران بڕیاری لەسەر داوە”.

بابەتی پێشتر

پاشماوەی فڕۆكە ئەندەنوسییەكە دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا.. بە دەستڕێژی گولە شەش كەس كوژران و دوو كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت لە ئەمڕۆدا

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە بەراورد بە نرخەكەی لە دوێنێ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی. بەیانی ئەمڕۆ هەینی، یەك…
Total
0
Share