وەزارەتی دارایی هەرێم لیستێکی 368 کەسی بۆ بانکی TBI ناردووە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لیستێکی 368 ناوی بۆ بانکی بازرگانیی عێراق ناردووە و داوادەکات، لە بانکەکە مووچەکانیان بە بانکی بکرێت.

بە گوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم لە 16ی ئایار رۆژی پێنجشەممە، کە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرە، بە بانکیکردنی مووچەی ئەو 368 کەسە کە ناویان نێردراوە بۆ بانکەکە بەشێکە لە پڕۆژەی هەژماری من و لەو چوارچێوەیەدا بانکەکە دەبێت مووچەکانیان بە بانكی بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بانکی بازرگانیی عێراقی لەماوەی رابردوودا روونکردنەوەیدا کە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە چوارچێوەی بانکە فیدڕاڵییەکانی دەرەوەی هەرێم دەبێت بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دەبێت.

وەزارەتی دارایی لە نوسراوەکەیدا بە بانکی بازرگانیی عێراقی دەڵێت، سوورن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانی نێوان تیمی ‘هەژماری من’ و ‘بانکی بازرگانیی عێراقی’ TBI، هەر بۆیە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە داتا و بەڵگەنامە پێویستەکانی ئەو کەسانەیان لەگەڵ هاوبەش دەکەن کە ناویان نێردراوە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەماوەی داهاتوودا لیستی ناوی دیکەیان بۆ رەوانە دەکرێت و وەزارەتی دارایی داوای زانیارییانەیان سەبارەت بە یەکەم لیستی کردنەوەی هەژماری بانکی دەکات لە بانکی بازرگانیی عێراقی کە ئەمانەن:

یەکەم: خشتەیەکی کات، یاخود ئەو ماوەیەی تێیدا هەژمارە بانکییەکان دروست دەکرێن.
دووەم: مێژووی دروستکردنی هەژمارەکە بەشێوەیەکی کردەیی.
سێیەم: ژمارەی هەژمارە بانکییەکەی هەر سوودمەندبوویەک
چوارەم: دیاریکردنی ناوی ئەو لقەی هەژمارەکەی تێدا دەکرێتەوە
پێنجەم: وادەی وەرگرتنەوەی کارتی هەژمارەکە لە سەنتەری جیاکردنەوە کە سەر بە پڕۆژەی هەژماری منە.

ئەم نوسراوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە کاتێکدایە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی و حکومەتی عێراق و تەنانەت خودی بانکی TBI بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە دەبێت بەبانکیکردنی مووچە لە رێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە بێت و بەشێکی زۆر لە مووچەخۆرانی هەرێمیش بەردەوام دەڵێن، نایانەوێت مووچەکانیان لە رێگەی هەژماری منەوە بە بانکی بکرێت.

بابەتی پێشتر

لەتیف نێروەیی: هەواڵی رۆژنامەکەی پارتی هەواڵگری و چەواشەکارییە

بابەتی دواتر

دوورگەیەکی یۆنان تووشی قەیرانی کۆچبەران بووە و داوای هاوکاری دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share