باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە بەڕێوەبەردنی بابەتەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پرسی هەستیاری دیکەی وەک پارێزگای کەرکوک سەرکەوتوو بووە.
وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت رێکارەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان گرتووەتەبەر کە کێشەکان بەشێکبوون لە ئەرکەکانی یۆنامی، وەک کێشە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا کە چەندین رێککەوتنی گرنگ واژووکران، هاوکات بابەتە هەستیارەکانی ناوخۆ وەک پرسەکانی کەرکوک و پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پرسە سیاسییەکانی دیکە.
قسەکانی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەت لە سەروبەندی لێدوانێکیدا بوو سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتی یونامی لەسەر داوای عێراق و راسپاردەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، ” ئێستا عێراق رۆڵێکی سەرەکیی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت” راشیگەیاند، پێشبینی دەکەن تا ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەشێوەیەکی یەکجاری کۆتایی بە ئەرکی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بهێندرێت.