لەبارەی داخستنی بەشێكی پەیج و ئەكاونتەكانی، ترەمپ ڕایگەیاندووە، كەس ناتوانێت بێدەنگی بكات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 9ی كانونی دووەم، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، “زۆر بەخێرایی ئەكاونتی فەرمیی سەرۆكی ئەمریكا لە تویتەر @POTUS سڕدرایەوە، پێگەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیموكراتە ڕادیكاڵەكان دەیانەوێت من و لایەنگرانمان بێدەنگ بكەن”.
ترەمپ ئەوەشی خستوەتەڕوو، “چاوەڕاون بووم ئەوە ڕوبدات، ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك پێگەی دیكە لە گفتوگۆداین بەمزوانەش ڕاگەیەندراوێكی گەورەمان دەبێت، چاوەڕوانی ئەوەین كە پێگەیەكی تایبەت بە خۆمان لە داهاتوویەكی نزیدا بكەینەوە، كەس ناتوانێت بێدەنگمان بكات”.
لەو ڕاگەیەندراوەدا ترەمپ ئەوەشی خستوەتەڕوو، “”تویتەر شوێنێك نییە بۆ ڕای ئازاد، ئەوەی ئەوان گرنگی پێدەدەن ڕێكلامكردنە بۆ پێگە چەپخوازە ڕادیكاڵەكان”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، كۆمپانیای تویتەر ڕایگەیاند، ئەكاونتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكایان داخستووە بەهۆی مەترسییان بۆ “هاندان بۆ توندوتیژی”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لایەنگرانی ترەمپ لە بەردەم كۆنگرێس خۆپیشاندانیان سازكرد وەك پاڵپشتی بۆ ترەمپ، بەڵام بەهۆی گرژییەكانەوە پێنج كەس كوژران و 52 كەسیش دەستگیركراون.