سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، سەقامگیریی ژیانی خەڵک و حوکمڕانییەکی تەندروست هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەن و لێی لانادەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان تیم بێرچێت، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران (کۆمارییەکان) کۆبووەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی باسێکی ورد و هەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عیراق، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەشکرد و پەرۆشیی یەکێتیی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپاتکردەوە و وتی، “بەردەوامی و سەرکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عیراق فاکتەری سەقامگیریی وڵات و بەرەوپێشچوونێتی لە بوارە جیاوازەکاندا”.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە هەوڵەکانی یەکێتی کردەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و گەشەپێدانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، “سەقامگیریی ژیانی خەڵک و حوکمڕانییەکی تەندروست هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەن و لێی لانادەین”.