سەرچاوەیەكی رەسمیی عێراق هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكات و دەشڵێت، “بەهۆی داواكارییەكانی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی پارەی تەرخانكراوەوە بۆ مووچە بەغداد هۆكارەكەی نەزانیوە و ئەوەش وایكردووە ناردنی مووچە دوابكەوێت”.
میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەیەكی رەسمیی حكومەتی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە حكومەتی هەرێم، بە لیستی رەسمی داوای مووچەی مانگەكانی 1 و 2 و 3ی كردووە بە بڕی 913 ملیار دینار و وەزارەتی دارایی عێراق خەرجیكردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم كوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان داوای 969 ملیار دیناری كردووە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، “حكومەتی هەرێم بۆ مانگی 4 داوای بڕی 969 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران كردووە، واتە بە جیاوازی 56 ملیار لە مووچەی مانگەكانی دیكە هەرچەندە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش نەخراوەتە سەر لیستی مووچەكە”.