مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە و بە توندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێكی تاككڕەوانە و دەنگۆی رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد كە بڕیارە لە 10ی 6ی 2024 سازبكرێت و پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێكارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتكردەوە.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا كە لە دەباشان بەڕێوەچوو، مەكتەبی سیاسی لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی كوردستان، بڕیاریدا بە هەموو رێكارێكی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەدا بچێتەوە.

كۆبوونەوە هەمووانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگاداركردەوە كە هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پڕۆسەی سیاسیی كوردستانەوە كە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموكراسییانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كە ئێستا خۆی كاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

مەكتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنها رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەركراویان بۆ دابینبكاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێك نابێت لە كەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو كۆبوونەوەیەك بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە.

بڕیاری كۆبوونەوەكەی دەباشان ئەوەیە كە یەكێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموكراسیی گەلەكەمان:

– بە یاداشتی رەسمی و دیداری راشكاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی كوردستان، عێراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەم پەرۆشییە دیموكراسییەی خۆی ئاگاداردەكاتەوە.

– بە كۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكانی داكۆكیكار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکكڕیزی و دیموكراسی پتەوتر دەكات.

– پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەكەمان دەكات.

– هەروەك بانگەوازی نیشتمانی و دیموكراسیی خۆی ئاڕاستەی هەمووان دەكات لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن.

لە كۆتاییشدا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییانە، كوردانە و دیموكراسییانە رووی كردە:

رای گشتیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی هەڵبژاردن كە بۆ یەكەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموكراسییە پیادە دەكەن، با پێكەوە داكۆكی لە ئەزموونی دیموكراسیی كوردستان بكەین و ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی سەربخەین كە تەنها بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.

بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی بژاردەی هەڵبژاردن و دەربازكردنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتباركردنی دامەزراوەكانی.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە وەزارەتی كارەباوە

بابەتی دواتر

سروە محەمەد: وردبینیكردن لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم كۆتاییهاتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share