راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق کاتی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی میترۆی بەغداد و شەمەندەفەری خێرای نەجەف-کەربەلای راگەیاند.
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە لە بارەی ئەو پڕۆژانەوە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ”هەموو قۆناغ و مەرجەکانی لیستکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەکان تەواو بووە، هەروەها فایلی وەبەرهێنان بۆ ئەو دوو پڕۆژەیە کرایەوە و لە 12ی ئەم مانگەدا ئەو فایلە بە سەرکەوتووی کارەکانی تەواوکرا”.
دەشڵێت، ”پێشکەشکردنی پێشنیازی تەکنیکی و دارایی لە 12ی مانگی داهاتوو رادەگیرێت و دوای ئەوە تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکان دەکرێت، هاوکات ناوی وەبەرهێنەرەکە ئاشکرا دەکرێت و گرێبەستی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت و دەست بە ئەنجامدانی ئەو دوو پڕۆژەیە دەکرێت”.
لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بە وردبینی و پەسەندکردنی سەرجەم بەڵگەنامە و دیزاینە بەرایی و کۆتاییەکان بۆ تەواوی پڕۆژەی میترۆی بەغداد و شەمەندەفەری خێرای نەجەف-کەربەلا لەگەڵ وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی چاککردنەوە و کارپێکردن و پەسەندکردنی تێچووی پڕۆژەکە کە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە پێشکەش دەکرێت.
بڕیاریشدرا بە سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و دەسەڵاتدان بە دەسەڵاتی وەبەرهێنانی نیشتمانی بۆ پێدانی مۆڵەت و واژوکردنی گرێبەست بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە شارەوانیی بەغداد بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان.