وەڵامێك لە هەرێم كەمال ئاغاوە

دەربارەی رووداوی كوشتنی كەسێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكان لە هەولێر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی رووداوەكەوە لە پەیامێكدا وەڵامی ئاسایشی گشتیی هەولێر و بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەداتەوە.

دەقی وەڵامەكە:

وەڵامێك بۆ بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێر و بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان.

بۆ رای گشتی و هاوڵاتییان روونیدەکەینەوە کە رووداوەكەی دوێنی 4/23 كەوا بڵاوكراوەتەوە دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر رووبەرووی ئاسایش بوونەتەوە لە ئەنجامدا یەكێكیان كوژراوە و ئەوەی تریان دەستگیركراوە. بێگومان سەرلەبەری ئەم تۆمەتانە دوورن لە راستی و جێگای گومانیشە، بۆیە لێرەدا چەند پرسیارێكی گرنگ دروستدەبێت، دەمانەوێت وەڵامەكەی بۆ خانەوادەكەی و رای گشتی روونبكرێتەوە.

1- كەسی بەناحەق كوژراو بەناوی (خەسرۆ ئەمیر) كارمەندی پۆلیسی بەڕێوبەرایەتیی پاسەوانیەكان-ە، ئایا بەڕێوبەرایەتییەكەی ئاگاداركراوەتەوە لەسەر تۆمەتباربوون و داواكردنی لەلایان دادگا؟ بێگومان نەخێر.

2- ئایا رۆژێك براكەی بەناوی (كارەسوڵ ئەمیر) كە ئەفسەرە بە پلەی عەمید لە یەكەی هەشتای وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداركراوەتەوە كە براكەی داواكراوە لەلایەن دادگا؟ بێگومان نەخێر.

3- ئایا رۆژێك لە رۆژان چوونەتە سەر ماڵی كوژراو و خۆی رادەست نەكردبێت، لەگەڵ ئەوەی شوێنەكەی دیار و لە خانەوادەیەكی دیارە؟ بێگومان نەخێر.

4- ئایا من كە بەرپرسی ئەوم و لە دەستەی پاسەوانی من پاسەوانە، ئایا رۆژێك لە رۆژان ئاگاداركراومەتەوە لەسەر تۆمەتبار بوون و داواكردنی لەلایەن دادگاوە، لەگەڵ ئەوەی لە نزیكەوە دەمناسن؟ بێگومان نەخێر.

5- ئایا ئەو كەسەی كە دەستگیركراوە بەناوی (میللەت بەرواری) كە كارمەندی دژەتیرۆری عێراقە، چۆن لە دهۆكەوە هاتووە بۆ هەولێر ئەگەر داواكراو بێت؟ یان بۆ هەر لە دهۆك لە ماڵەكەی خۆی دەستگیرنەكراوە؟

لێرەدا بەشێوەیەكی گشتی جیا لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، ناوزڕاندنیان بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تاوانێكی ترە، كە بەهیچ شێوەیەك ئەم كارە قێزەونە لەلای ئێمە رێگەپێدراو نییە.

بۆیە لێرەدا داوا لە بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ دەكەین لیژنەیەكی بێلایەن پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە لەپێناو روونكردنەوە و دەرخستنی راستییەكان بۆ رای گشتی و سزادانی تاوانباران.

هەرێم كەمال ئاغا

بابەتی پێشتر

كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی خاوێنكردنەوەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان دەستی بەكارەكانی كرد

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار زیاتر دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەزگای ئاسایشی هەرێم، تۆمەتباری رووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەستگیرکرد

دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی توانیان، لەماوەی کەمتر لە 5 کاتژمێر، پاش بەدواداچوونی ورد تۆمەتباری…
Total
0
Share