سەردانەکەی سودانی جێگەی بایەخی ناوخۆ و دەرەوە بوو

دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لە 15ی نیساندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیر بەرگرییەکەی و سەرۆکی ئەمریکا، سەردانەکە، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی ئەمریکاش بە سەردانێکی سەرکەوتوو لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و حکومییەوە تەماشاکرا.

لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، سەردانەکە کاردانەوەی باشی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراقن، پێشوازییان لێکرد و رایانگەیاند پشتیوانییەکی باشی دەکەن، چونکە لە پێناو گەلی عێراقە و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە هەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ سەردانەکەی سودانی دووپاتکردەوە، جگە لەوەش لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەگەر لایەنێکی سیاسی یاخود بەرپرسێک پشتیوانی خۆشی بۆ سەردانەکەی سودانی دەرنەبڕیبێت، هیچ دەنگێکی نەرێنی لەبارەیەوە نەبووە.

لەسەر ئاستی ئەمریکاش، پشتیوانی باش لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کراوە بۆ چاکسازییەکان لە کەرتی بانکیدا، لە لایەکی دیکەوە، پشتبەستنی خۆبەخۆی عێراق لە بواری وزەدا یەکێکی دیکە بووە لەو خاڵانەی ئەمریکا بە گرنگییەوە تەماشای کردووە و پرسی زامنکردنی ئاسایش و سەقامگیری و رێگری لە هێرشی گروپە چەکدارەکان و چەسپاندنی دیموکراسیەت و هەوڵەكانی چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکی دیکە بوون لەو بابەتانەی بۆ ئەمریکا جێگەی بایەخی زۆر بوون.

جێفری بایت، یاریدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە سەردانەکەی سودانی بە سەردانێکی گرنگ و سەرکەوتوو ناوبرد و پشتگیری وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکای رووانیوە و وتویەتی، پەیوەندییەکان گرنگی زۆریان هەیە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش.

جگە لەوەش بایدن بە گرنگییەوە باسی لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونەکانی عێراق کردووە لە کەرتی بانکی و کەرتی وزە و بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ، لەناویشیاندا کێشەکانی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئازاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی سودانی و بایدندا هاتووە.

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەریکا لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی وڵاتەکە لە عێراق و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندی دوولایەنەی ئەمنی هەڵوێستی ئەرێنی وڵاتەکەی نیشاندا.

ئەنتۆنی بلینکن، هەڵوێستی خۆی بەشێوەیەکی روون راگەیاند لەبارەی ئەو چاکسازییانەی عێراق ئەنجامی دەدات و پشتیوانی خۆی دەربڕی لەبارەی تەواوی چاکسازییەکانی وڵاتەوە.

 

 

 

بابەتی پێشتر

داهاتی ساڵی رابردووی بایدن و هاوسەرەکەی ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

كەشتیی تایتانیك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share