بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەک لە سۆشیاڵ میدیا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد تۆمارکراوە و ژمارەیەکی بەرچاو ئاژەڵی سەگی بێلانە دەردەکەوێت تێیدا، روونکردنەوەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی بەدوادا هات.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمرۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بۆ لێدانە لەو دەستکەوتی لە بەرەوپێشچوونی فڕۆکەخانەکانی عێراقدا بەدەستهاتوون و وتیشی، “ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 و هی ئێستا نییە، بەڵام جارێکی دیکە بەمەبەست بڵاوکراوەتەوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرەوپێشچوونی باش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد و تەواوی فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق بەدەستهاتوون لەماوەی رابردوودا و گەندەڵی لە فڕۆکەخانەکاندا نەماوە و کاغەزەکانیش هەمووی رێکخراونەتەوە و پلانی وەزارەتەکەیان درێژەدانە بە پڕۆسەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکانی عێراق و دوو پلان بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی بەغدا داڕێژراوە، کە دەستبەجێ و گشتگیرن