وەزارەتی پەروەردە لەبارەی یادی ئەنفالەوە هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی ئاگاداردەکاتەوە دەڵێت، ”بەر لە دەستپێکی وانەی یەکەم باسی ئەو تاوانە بۆ خوێندکاران دەکرێت”.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی رادەسپێرێت و رایدەگەیەنێت، ”رۆژی 14ی نیسانی 2024 لە یادی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان لە پڕۆسەی ئەنفالدا، ناوەندەکانی خوێندن بەر لە دەستپێکی وانەی یەکەم چەند ساتێک بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی ئەو تاوانە دەوەستن و دواتر باسی ئەو تاوانە بۆ خوێندکاران دەکرێت”.
لە 9ی شوباتی 1988 تاوانی ئەنفال بە پڕۆسەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق و بە هەشت قۆناغ دەستیپێکرد و بووە هۆی شەهیدکردنی 182 هەزار کورد و وێرانکردنی چوار هەزار و 300 گوندی کوردستان.