بانکی ناوەندیی عێراق رێژەی خستنەڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە و ئەمڕۆش هاوشێوەی دوێنێ زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە جیاوازییەکی زۆر لە بڕی دۆلاری کاشدا بەدیدەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق رێژەی خستنەڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە، بە گوێرەی خشتەکە 250 ملیۆن و 17 هەزار و 41 دۆلاری فرۆشتووە، لەو بڕە 32 ملیۆن و 290 هەزاری بەشێوەی کاش بووە و 217 ملیۆن و 727 هەزار و 41 دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی بازرگانیی بووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بڕی کاشی ئەمڕۆ لە خشتەکەدا زۆر بەرزترە لە چاو رێژەی دوێنێی کاش کە خرایە بازاڕەوە و بڕەکەی تەنها چوار ملیۆن دۆلار بوو.
شارەزایانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاماژە بەوەدەکەن، بڕی کاش لە بازاڕەکاندا کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بە جۆرێک تا زیاتر بێت، بەهای دینار سەقامگیرتر دەبێت.
ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هاوتای، 146 هەزار و 900 دینارە.