لەبارەی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆناو خاکی عێراق، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێزانە بە قوڵایی 100 کیلۆمەتر هاتونەتە ناو خاکەکەمانەوە.
عەلی نیعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، “ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە عێراق بە گشتی گەورە و ئاڵۆزن، دیارترینیان ئاسمانی وڵاتەکەیە ئەوەش بەهۆکاری ئەو لاوازییەی لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و رادارەکاندا هەیە و ئەوەش لەلایەن چەند لایەنێکەوە دەقۆزرێتەوە و هێرشی ئاسمانی لە سنوورەکەماندا ئەنجام دەدەن”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “هێزەکانی تورکیا بە قوڵایی 100 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە و ناوبەناویش بۆردوومانی خەکەکەمان دەکەن”.
دەشڵێت، “حکومەت سێ بڕیاری گرنگی دەرکردووە بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاستی بەرگری، ئەویش لەڕێگەی نوێکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و کرانەوە بە بەڕووی وڵاتان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانی چاودێریکردن لە رێگەی رادارەکانەوە، ئەوە بێجگە لە پاراستنی سنوورەکان و کۆتاییهێنان بە هەر بۆشایییەکی ئەمنی”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، “دیدێکی ستراتیژی هەیە سەبارەت بە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی عێراق، چی لەڕێگەی هێزی ئاسمانی بێت یاخود بەرگریی ئاسمانی، چونکە رێگایەکی گرنگن لە بەرپەرچدانەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو کە مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق دروستبکات و کۆتاییهێنانە بە پێشێلکارییە ئاسمانییەکان”.