نووسەرێك: بیانووی مەسرور بارزانی بۆ دەستبەسەراگرتنی مووچە راست نییە

نووسەرێك دەڵێت، بڕیاربەدەستانی حكومەت بە بیانووی دروستبوونی جیاكاری و ناكۆكی لەنێوان مووچەخۆران دەستی بەسەر پارەی بەغداد بۆ مووچەدا گرتووە، لەكاتێكدا خۆی لەنێوان هەولێر و دهۆك، لەنێوان زۆنی سەوز و زەرد سەرچاوەی گەورەترین جیاكارییە.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بڕی زیاتر لە 600 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی بەشێك لە مووچەخۆران رەوانەی هەرێم كراوە، بەڵام بە بڕیاری خودی مەسرور بارزانی دابەشكردنەكەی راگیراوە.

بیانووی مەسرور بارزانی بۆ دابەشنەكردنی لەبەر ئەوەیە كە بڕی تەواوی پارەكە نەنێردراوە، كە لە ئاكامی نەناردنی ناو و زانیارییەكانی بەشێك لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دروستبووە، ئەوەیە كە دەبێتە هۆی دروستكردنی جیاكاری و پەرتكاری لەنێوان مووچەخۆران.

سەروەر قادر، نووسەر و چالاكوان لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەو رێگری و بەبارمتەگرتنە ناڕاستە، چونكە هەر خودی سەرۆك وەزیران و پارتی-یش گەورەترین جیاكاری دەكەن.

نمونەی ئەوەشی هێناوە، لە هەفتەی رابردوودا زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی دهۆك بە ماوەیەكی كەم و بە بڕیاری كاربەدەستانی پارتی قەرەبووكرانەوە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو و پێشتریش چەند جارێك لافاو زیانی بە هاوڵاتییانی هەولێر گەیاند، بەڵام زیانلێكەوتووانی ئەو لافاوانەی هەولێر لەلایەن خێرخواز و رێكخراوەكانەوە هاوكاری كران و هیچ قەرەبوویەكیان نەكراوە.

باسی لەوەشكرد، هەر لە هەولێر زیانلێكەوتووانی سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر گوایە بە لێخۆشبوونی كرێی خۆڵ و شارەوانی قەرەبوو كرانەوە، لەكاتێكدا زیانی هەندێكیان سەدان هەزار دۆلارە.

لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا ئەوە كاربەدەستانی پارتی بوون كە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، تەرخانكردنی مووچە و بودجە و كەرتە جیاجیاكاندا جیاكارییان لەنێوان ئەوەی ناودەبرێت بە ناوچەكانی زۆنی زەرد بەراورد بە زۆنی سەوزدا كردووە، ئەو چالاكوانە وای وت.

روونیشیكردەوە، سەرۆك وەزیران و كاربەدەستانی سیاسی بەردەوام بە مەبەستی سیاسی جیاكاری دەكەن، روونترین و دیارترینیش پرسی قەرەبووە كە بەرامبەر هەولێر و خەڵكەكەی دەكرێت، لەكاتێكدا هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

ماوەی یەك مانگ و 23 رۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی كانونی دووەمی مووچەخۆرانی هەرێمدا تێپەڕبووە، سەرەڕای بوونی بڕی پێویستی پارە لە بەردەست حكومەتدا، بە بڕیاری مەسرور بارزانی راگیراوە، ئەمەش دۆخێكی دژواری بۆ مووچەخۆران دروستكردووە و بەهۆیەوە مانگرتن، بایكۆت و پەككەوتنی خزمەتگوزارییەكانی لێكەوتووەتەوە.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دواین کاتی بۆ وەرگرتنی لیستی كاندیده‌كان دیاریکرد

بابەتی دواتر

روونكردنەوەیەكی بەپەلە لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share