مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنن، پرۆژەی “هەژماری من” زۆرەملێیەو بایکۆتی دەکەین.
مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایانگەیاند، حکومەتی هەرێم بە درووستکردنی هەژماری من دەیەوێت خۆی لە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بدزێتەوە و بەردەوام قەیرانی نوێ بۆ هاوڵاتییان دروستبکات.
مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، پرۆژەی “هەژماری من” زۆرەملێیەو پێویستە بە زوویی رابگیرێت و لیستی مووچە رەوانەی بەغداد بکرێت.
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە رێگەبدرێت بە زوویی لەرێگەی یەکێک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆران درووستبکرێت و مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا بکرێت.
پرۆژەی هەژماری من، پرۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023 ەوە دەستیپێکردووە.