پزیشکێک: باشترە رۆژانە 30- 35 دەنک چوالە بخورێت

پزیشکێکی کورد رایدەگەیەنێت، خواردنی چوالەی سەوز چەندین سوودی تەندروستیی هەیە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لە خواردنی بکرێت و باشترە لە رۆژێکدا تەنها 30 – 35 دەنکی لێبخورێت.

د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستیی خۆراک رایگەیاند، چوالەی سەوز ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ چه‌ورییه‌ تاکه‌ سوود به‌خشه‌کان و مادده‌ی دژه‌ئۆکسان و ڤیتامینه‌کانی A، B، B6، E، K، C له‌گه‌ڵ کانزا‌کانی وه‌ک سۆدێوم، پۆتاسێوم ، فسفۆڕ، ئاسن، کالسیۆم، پۆتاسیۆم، مه‌گنسیۆم، مه‌نگه‌نیز، سلنێوم، زینک له‌گه‌ڵ ریشاڵ و ئاو و کاربۆهیدرات۰
ئاماژەی بەوەشکرد، چوالەی سەوز یارمەتی پاراستنی کێشی له‌ش دەدات و رێگە لە قەڵەوی دەگرێت و یارمەتی دابەزاندنی کێشی لەش و دابه‌زینی کۆلیستڕۆڵی خراپ له‌ خوێن دا بەرێژەی 12% دەدات، هاوکات یارمه‌تی کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شه‌کره‌ له‌ خوێندا دەدات و رێگەدەگرێت له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌کره.

جگە لەو سوودانەی لە سەرەوە باسکران، چوالەی سەوز یارمەتی خۆپاراستن له‌ جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشک و نه‌خۆشی ته‌سکبوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌کان دەدات، پارێزگاری له‌ ته‌ندروستی دڵ و مێشک دەکات و بەهێزیان دەکات، رێگری له‌ دروستبوونی به‌ردی زراو دەکات یارمه‌تی پاکبوونه‌وه‌ی جگه‌ر و له‌ش له‌ مادده‌ ژه‌هراوییه‌کان دەدات.

چوالە قه‌بزی ناهێڵێت و هه‌ندێک میکرۆبی ناو کۆئه‌ندامی میز و میزه‌ڕۆ لەناودەبات، رێگری له‌ نه‌خۆشی ئه‌لزه‌هایمه‌ر دەکات، مووه‌کانی قژ بەهێزدەکات و لە سپیبوون دەیپارێزێت، ته‌ندروستی پێست دەپارێزێت و یارمەتی گه‌شبوونه‌وه‌ و نه‌هێشتنی چرچولۆچ و خاڵ و زیپکه‌ی دەموچاو دەدات.

لەگەڵ ئەو سوودە زۆرانەی باشترە زیادەڕەوی لە خواردنی چوالەدا نەکرێت و رۆژانە 30-35 دەنکی لێبخورێت.

بابەتی پێشتر

کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێیەمی سودانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share