وەزیری نەوتی عێراق: لە دوای ساڵی 2025 عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی بەنزین نابێت

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 هاوردەکردنی بەنزین بۆ عێراق کۆتایی بێت.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە دیداری رافیدەین رایگەیاند، حکومەتی عێراق چەند داواکارییەکی ئاراستەی کۆمپانیا ئەوروپییەکانی پسپۆڕی وەبەرهێنانی ‌غاز کردووە و بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆکردووە، و گرێبەستەکە بە شێوەیەکی باش تێپەڕیوە و پێشبینی سەرکەوتنی بەرهەمهێنانی غاز دەکەن.

وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەیەک لە پاڵاوگە نەوتییەکانی باشوور هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین کە توانای بەرهەمهێنانی چوار هەزار و 500 مەتر سێجایە، ئەوەش عێراق لە هاوردەکردنی بەنزین رزگاردەکات و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 هاوردەکردنی بەنزین کۆتایی بێت.

وەزیری نەوتی عێراق لە درێژەی وتەکانیدا رایگەیاند، ئەو پاڵاوگە نەوتییانەی دەکەونە باکووری عێراقەوە و بەهۆی جەنگەوە وێرانکرابوون دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، لە ئێستادا بە شێوەی رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێون.

بەپێی وتەی حەیان عەبدولغەنی، عێراق ساڵانە بە بڕی پێنج ملیار دۆلار بەرهەمی نەوتی هاوردە دەکات، پێشووتر ئەو وڵاتە لە رۆژێکدا 16 هەزار مەترسێجا بەنزینی هاوردە کردووە، لە ئێستاشدا بۆ پێنج هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە.

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە

بابەتی دواتر

لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەمریکا بایدن و ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share