سێ کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی باڵندەی کێوی دەستگیرکران

بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی باڵندەی کێوی لە سلێمانی، سێ کەس دەستگیرکران و دەست بەسەر ژمارەیەک باڵندەی کێویدا گیرا و دواتر باڵندەکان گەڕێنرانەوە بۆ سروشت.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی داواو سکاڵایان کرد کە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کڕین و فرۆشتن بەئاژەڵ و باڵندەی کێوییەوە دەکرێت، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، ئەمڕۆ هەینی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا و بەشی پۆلیسی رێکاریی هەڵمەتێکیان لەناوبازاڕی شاری سلێمانی ئەنجامدا بەمەبەستی رێگرییکردن لەکڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

ئاماژە بەوەش دەکات، لەهەڵمەتەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەک باڵندەی کێویدا گیرا و سێ تۆمەتباریش بەتۆمەتی مامەڵەکردن بەو باڵندانە دەستگیرکران و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواتر و بە بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە باڵندەکان ئازاد کران و گەڕێنرانەوە بۆ سروشت.

 

بابەتی پێشتر

لە هەولێر 10 بەنزینخانە داخران

بابەتی دواتر

مامۆستایانی پەروەردەیەکی دیکە بایکۆتیان شکاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share