ملازم عومەر ڕوونكردنەوە دەدات:
بوونی دەستی مام جەلال و كاك نەوشیروان ‏لە تیرۆركردنی قاسملودا ناڕاست و چەواشەكارانەیە

لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی بابەتێك كە لە ماڵپەڕی “ئاوێنە” بڵاوكراوەتەوە و تیایدا باس لەوە كراوە كە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا پەیوەندییان بە ڕووداوی تیرۆركردنی د. قاسملووە هەیە، ملازم عومەر بە خستنەڕووی چەندین بەڵگە ئەو بانگەشەیە ڕەتدەكاتەوە و بە “چەواشەکەر” و “تۆمەتی ناڕەوا” ناویدەبات.

ملازم عومەر باس لەوە دەكات كە لە كاتی دانوستانی نێوان د. قاسملو و ئێرانییەكاندا، مام جەلال داوای پاراستنی د. قاسملوی كردبوو، تەنانەت خوودی خۆی لە نێوان هەردوولادا نێوەندگیربووە.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:-

ڕوونکردنەوەیەک لە (ملازم عومەر)ەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی (دکتۆر قاسملو) و (مام جەلال و کاک نەوشیروان)

له سایتی ئاوێنه بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبووان (مام جەلال و کاک نەوشیروان) کە گوایە دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی (شەهید قاسملو) و هاوڕێکانی دا.

بەر لە هەموو شت، پێم ناخۆشبوو لە سایتی ئاوێنە کە خاوەنی ڕێز و جێگەی متمانەی خەڵکە، ئەو هەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە. بابەتەکە سەرلەبەری ناڕاستە و بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم.

لە دڵمەوە خەفەتبارم کە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کە وەک شایەتحاڵێک و وەک ئەوەی ئاگاداری ڕوداوەکەم، لەڕێی ئەم ڕونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو.

مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە هاوڕێی زۆر نزیکی شەهید دکتۆر قاسملو بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بە توانا و زیرەکی و لێهاتوویی دکتۆر قاسملو کە دکتۆرای لە زانستی ئابوریدا هەبوو، بەڵام شارەزایی لە زۆربەی بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و هونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی 1985 لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستملەکارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملوی ڕاسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی.

لە کۆتایی ساڵی 1982دا، کە هێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لە حزبی دیموکرات، مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی ئێران بوو هات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و هێزی لێکردین، خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبووینەوە.

ڕاستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە هێز کۆبکەینەوە و بەندە وەکو بەرپرسی هێزەکانی یەکێتی چووم بۆ هاوکاریی حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بە هێزێکی دوو هەزار کەسی بەشداریی شەڕەکانمان کرد. ئەو بەڕێزانەی کە لە ناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە ژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو ڕووداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توندبوون، مام جەلال هاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتیی شەڕەکانیان دەکرد.

سەبارەت بە شەهیدکردنی (دکتۆر قاسملۆ) لە ساڵی 1989 دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە (کاک نەوشیروان) لە دەرەوەی وڵات بوو؛ هیچ ئاگای لە گفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو. (کاک نەوشیروان) ئەو کات لە فەرەنسا بوو. (شەهید قاسملۆ) لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبوو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لە ڕێگەی (دکتۆر کەنداڵ)ەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دووربوو لە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.

 (بەڕێز مام جەلال) لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حیزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لە ڤێنای پایتەختی نەمسا لە ماڵی (کاک خەبات کەریم مەعروف) دەستیپێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) ڕاسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بە دەمانچەوە بۆ پاراستنی (دکتۆر قاسملو).

کاتێک (مام جالال) گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمە ڕەش بووین لەسەر سنووری عێراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێڕایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن.

دوای ئەوە، (مام جالال) لە ڕێگەی ئێرانەوە بە نیازی سەفەر بوو بۆ دەرەوەی وڵات. (مام جەلال) پێش ڕۆیشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ (د. قاسملو) نووسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوون، بۆی نووسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوە و نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لە کوێ دەستپێبکاتەوە. بۆ (دکتۆر قاسملۆ)ی نووسیبوو، کات و شوێنی کۆبوونەوەکە بە بروسکە بۆ (ملازم عومەر) دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێئاگاداردەکاتەوە.

نووسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیهازی ڕاکاڵی لێبوو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، (مام جەلال) بروسکەی بۆ کردم، نووسیبووی کەوا ئێرانییەکان (بە تایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتوویانە هەرکات بە تەواوی گەیشتینە ڕێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەر دا ئیتر ئیتڵاعات و هیچ لایەنێک ناتوانن لە د‌ژی بوەستنەوە.

پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلال-یان وتبوو کە هەندێک کادری یەکێتی لە شاری سەردەشت بڵاویان کردووەتەوە کە وا حیزبی دیموکراتی ئێران بە نێوەندگیری (ی.ن.ك) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕێکدەکەون؛ ئیتڵاعات پێیان زانیوە و کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا هیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دووهەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بە من گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملو بنووسە کە ئێرانییەکان بە ڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دووربخەنەوە. من هەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بە نامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملو) نارد.

دوایی دەرکەوت ئێرانییەکان بە (د.قاسملو)یان ڕاگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بە یەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە هەردوولامان ئێرانین و پێویستمان بە نێوەندگیری نەماوە. پێشبینییەکەی مام جەلال ڕاست دەرچوو کە وا ئێرانییەکان ویستویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دووربخەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملو) جێبەجێبکەن.

دەرکەوت جەولەی دووهەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداریی مام جەلال و یەکێتی، لە ماڵی (شەهید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملو، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتیشیان شەهیدکرد و چوونە ڕیزی شەهیدانی کورد و کوردستانەوە. بەداخەوە شەهیدبوونی دکتۆر قاسملو گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتی دا لەو سەردەمەدا.

پاش شەهیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسیەتی بۆ ئێمە کردووە کە ئەو پارانەی لە بانک هەیەتی، هی خۆی نییە، هی حزبی دیموکراتە و دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزبی دیموکرات کردبوو.

تێبینی: چەندین نامەی دەستخەتی سەردەمی پێشمەرگایەتیم لای خۆم پاراستووە. لێرەدا هەندێکی کە پەیوەندیدارە بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و دیموکرات، بەتایبەتی هاوکاریی سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات لە کۆتایی ساڵی 1982 دا بڵاودەکەمەوە.

بابەتی پێشتر

تین هاگ داهاتووی ڕۆناڵدۆی یەكلاییكردەوە

بابەتی دواتر

یاریزانێكی دۆرتمۆند توشی شێرپەنجە بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share