دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 30 تیرۆریستی راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، “هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دوو گروپی تیرۆریستی ئاشکرادەکات کە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە”.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، “رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو گروپ لە پشدەر و بتوێن لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتووە و  پیلانیان هەبووە بچنە ریزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستییە”.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، “دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگەی دروست لەسەر مەرامی تیرۆریستان و ناو و ناونیشانیان، ماوەی 20 رۆژ خرانە ژێر چاودێری بەردەوام و پاشان بەڕەزامەندی دادوەر لە ئۆپراسیۆنێکدا لە 15ی کانونی یەکەمی 2023 لە قەڵادزێ 10 تیرۆریست دەستگیرکران و دووانیان ژنن”.

دەشڵێت، “دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕکرانەوە و لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیای هێزەکانی ئۆپراسیۆن لە 17ی کانونی یەکەمی 2023 لە رانیە، قەڵادزێ، ژاراوە، حاجی ئاوا و شکارتە 20 تیرۆریستی دیکە دەستگیرکران و رووبەڕووی یاسا کرانەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، “سەرئەنجام بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپەی تیرۆریستیەی داعش لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی داعش کردوە و چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن”.

لە کۆتاییدا جەختلەوە دەکاتەوە، “هەموولایەک دڵنیادەکەینەوە هەر مەرام و پیلانێک دژی ئاسایشی گشتی و ئارامی هەرێم و کۆمەڵانی خەڵک بێت شکستی پێدەهێنین و بەدەستێکی پۆڵاینی هێزەکانمان رووبەڕوویان دەبینەوە و پەلکێشی یاساو دادگاکانیان دەکەین، هاوکات سوپاسی بێپایانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانمان بوون بۆ ئارامی و ئاسایشی نیشتیمانەکەمان”.

بابەتی پێشتر

ئومێد بەرۆشکی ئازادکرا

بابەتی دواتر

ستران عەبدوڵا: فرمێسکی تیمساحی مەرێژن بۆ دار و دیواری درز تێکەوتوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share