سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەموو کارێکی پێویست ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو ئەنجامبدرێت.
لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “ئەمڕۆ سێشهممه لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەفدی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بهڕێز نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆبوونەوە”.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایيی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمان کاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا جەختکراوەتەوە، “لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، هەنگاوی جدییمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ههڵناوه و ئەرکی ياساييى خۆمان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و ڕژدييهوه هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.